کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

کەشتیی یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن و گرووپی کەشتییە شەڕەکەرەکانی گەیشتنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەمەش مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و پێکدادانی سەربازیی هەرێمی زیاتر دەبێت.

فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سێنتکۆم) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، کەشتیی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن کە فڕۆکەی جەنگی F-35C و F/A-18 Block 3 ی هەڵگرتووە، گەیشتە سنووری دەسەڵاتی فەرماندەیی سێنتکۆم.

ئاماژەشی داوە، لینکۆڵن سێیەم کەشتیی جەنگی و فڕۆکە هەڵگری وێرانکارە، کە گرووپێکی کەشتیی جەنگی یاوەری دەکەن، لە نێویاندا Destroying 21  و فڕۆکە هەڵگری CVW-9 هەن.

وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە سەرەتای ئەم مانگەوە بۆ پشتیوانی لە ئیسرائیل و پارێزگاری لە هێرشی گرووپەکانی بەناو مقاوەمەی ئیسلامی بۆ سەر هێزەکانی بڕیاری جوڵاندنی کەشتیگەلی لینکۆڵینی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکرد، دواتر لە 11ی ئاب، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، لۆید ئۆستن فەرمانی کردووە کەشتیی لینکۆڵن و کەشتییە جەنگییەکانی یاوەری هەرچی زووە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەونە ڕێ.

لە دوای کوژرانی هەر یەک لە فواد شکور، سەرکردەی حزبوڵلا لە بەیرووت و ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران و هەڕەشەکانی حزبوڵلا و ئێران لە تۆڵە سەندنەوە، لەلایەک و لەنگەر گرتنی هەردوو کەشتیی فڕۆکە هەڵگر و جەنگیی ئەمەریکا (یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن و یو ئێس ئێس تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت-71) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ترس و نیگەرانییەکانی ئاڵۆزتربوونی دۆخی ناوچەکە و دروستبوونی شەڕێکی هەرێمی دوو هێندە بوون.