71 لەسەدی خاکی هەرێمی کوردستان لە مین و تەقەمەنی پاک کراوەتەوە

نیازی ئەرگوشی، جێگری سەرۆکی دەزگای مین دەڵێ: لە 30 ساڵی ڕابردوودا لە کۆی گشتیی ڕووبەری زەوییە مینڕێژکراوەکانی هەرێمی کوردستان توانراوە 71%ی زەوییەکان پاک بکرێنەوە کە نزیکەی 64% پرۆسەکەش بە ڕێگەی ڕووپێوی ناتەکنیکی کراون بێ ئەوەی هیچ خەرجییەک لەسەر حکوومەت بکەویت.

جێگری سەرۆکی دەزگای مین گوتیشی: پیسکردنی خاکی هەرێمی کوردستان بە مین و تەقەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی بەعس بۆ ڕێگریی لە شۆڕشی ئەیلوول ڕووبەرێکی فراوانی لە خاکی کوردستانی مینڕێژ کرد. دوای ئەویش بەهۆی جەنگی شەڕی عێراق ڕووبەرە بە مین داچێندراوەکان زیاتربوون، هەربۆیە دەکرێت بڵێن، ڕژێمی بەعس هەک هەر بە تەنیا هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی ئەنفال کرد، بەڵکو خاکەکەشی ئەنفال کرد.

هەروا زیاتر ڕوونی کردەوە و گوتی: لە ساڵی 2003 بەر لە شەڕی ئازادی عێراق، ڕژێمی بەعس ڕووبەرێکی دیکەی خاکی هەرێمی کوردستانی مینڕێژ کرد بە تایبەت ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای دهۆک لەگەڵ تورکیا. دوا پرۆسەی پیسکردنی ناوچەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 2014 تاوەکوو 2017 کە داعش بە مین و بۆمبی چێندراو داچاند، هەڵبەت ئەو تەکنیکەی ڕێکخراوی داعش لە دانانەوەی تەقەمەنییەکانی هەیەتی، بەهۆی دەستکارییەوە تەکنیکێکی نوێ بوو، بۆیە ناچاربووین بۆ هەڵگرتنەوەیان پەنابەرینە بەر شارەزایانی بیانی بۆ پووچەڵکردنەوە و هەڵگرتنەوەی تەقەمەنییەکان.

ئاماژەیدا" شارەزایانی بیانی چەندین خولی ڕاهێنانیان بۆ شارەزایانی هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی دەزگای گشتیی کاروباری مین و وەزارەتی پێشمەرگە کردووە. لەگەڵ ئەمەشدا، بە داخەوە، لەو ماوەیەدا چوار پسپۆڕی توانای پووچەڵکردنەوە و هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنیمان لە دەست دا.

لە بارەی پرۆسەی هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنییەکان، جێگری سەرۆکی دەزگای مین ڕایگەیاند: لە 30 ساڵی ڕابردوو دەزگای گشتیی مین بە تەنیا و بە هەماهەنگیی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە پاک کردنەوەی زەوییە مینڕێژکراوەکان و نەهێشتنی تەقەمەنییەکان، ئەم ڕۆڵەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێگەی پێزانینە و بە هەموو تواناوە خەرجییەکانی هەڵگرینەوەی مینی گرتووەتە ئەستۆ و لە هەر پارێزگایەک بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتیی کراوەتەوە. لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی لە بڕیارانەی بۆ زیاتر خزمەتکردنی پارێزگاکە دەری کرد، کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتیی دەزگای گشتیی کاروباری مین بووە بۆ هەڵەبجە، چونکە هێشتا نزیکەی 10 ملیۆن مەتری دووجا زەویی مینڕێژکراو لەو پارێزگایە ماوە پاک بکرێتەوە.

گوتیشی: لە ڕووبەری گشتیی 776 کیلۆمەتری دوجای پیسبووی زەویی هەرێمی کوردستان بە مین و تەقەمەنی، توانیومانە زیاتر لە 550 کیلۆمەتری دووجا پاک بکەینەوە کە نزیکەی 350 کیلۆمەتری دووجای ڕووبەری پاککراوە بە ڕێگەی ڕووپێوی ناتەکنیکی بووە کە هیچ خەرجییەکی نەبووە، بەڵام ئەگەر بە شێوازێکی دیکە بووایە، ڕەنگە تێچووی چەندین ملیۆن دۆلار لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەوتایە.