لە ئاکرێ بە زیاتر لە نۆ ملیار دینار چەندین پرۆژە کرانەوە و بەردی بناغە بۆ چەندان پرۆژەی تر داندرا
لە سنووری ئاکرێ بە زیاتر لە 9 ملیار و 371 ملیۆن دینار، چەندین پرۆژە کرانەوە و بەردی بناغەیان بۆ داندرا.
پارێزگای دهۆک بڵاوی کردەوە، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بە هاوڕێیەتی مەردان خدر، بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی ئاکرێ، چەند پرۆژەیەکیان کردەوە و بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەکی دیکەشیان دانا؛ لەوانەش، کردنەوەی ڕێگە ناوخۆیەکانی سەنتەری گردەسێن و بجێل، هاوکات کردنەوەی ڕێگەی گوندەکانی گوندک وشوش وشەرمن بە درێژیی 11.3 کیلۆمەتر لە ئاکرێ، لەگەڵ ڕێگەی گوندەکانی نهاڤام سیتکا، چەم سماق، دۆستان بەدرێژیی 3.2 کیلۆمەتر لە قایمقامییەتی گردەسێن.
هاوکات ڕێگەی گوندەکانی شەرەفونا، قەسرۆک، ئیستریان، کەندەگول لە بجێل بەدرێژی 10کیلۆمەتر چاک کرانەوە و قیرتاو کران.
دواتر بەردی بناغەی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ڕیگەی گوندەکانی کورتکامەزن و کەڤن بەدرێژیی 5.5 کیلۆمەتر، هەروەها بەردی بناغەی چاککردنەوەی ڕێگەی گوندەکانی شرتا، ئاڤدەلکا بەدرێژی 5 کیلۆمەتر داندرا.
هەروا بەردی بناغەی دروستکردنی پرۆژەیەکی ئاو و دابینکردنی کلۆر بۆ گوندی باکرمان و سەنتەری ئاکرێ و گوندی دوودێ ژێر و سەرگەلی لە دینارتە و گوندی ئیسماوا لە گردەسێن و گوندی سانەسوور لە بجێل داندرا. سەرباری ئەوەش بەردی بناغەی دانانی تۆڕی ئاوی سوسنا لە ئاکرێ و دروستکردنی 15 پرۆژەی دیکەی بچووک و مامناوەند بۆ دابینکردنی ئاو لە ئاکرێ.
پارێزگای دهۆک ڕایگەیاندووە، پرۆژەی قیرتاوکردنی ڕێگەی سەرەکی کە دەچێتەوە نێو زەوی خێزانی سەربەرزیی شەهیدانی شەڕی دژی داعش کە دەکەوێتە خوارووی رۆژئاوای سەنتەری ئاکرێ، بەدرێژی 3.6 کیلۆمەتر.
دەشڵێت: تەواوی ئەو پرۆژانە لەسەر بودجەی پارێزگای دهۆک، بە نۆ ملیار و 371 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێن.
لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغە و کردنەوەی پرۆژەکان، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوە کرد کە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی، ئەو پرۆژانە دەکەونە خزمەتی خەڵکی کوردستان، بەتایبەت ئەو پرۆژانەی ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان. ڕاشیگەیاند: لەماوەی چوار ساڵی رابردووی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەزیاتر لە 100 ملیار دینار چەندین پرۆژە لە سنووری ئاکرێ جێبەجێ کراون، ئاماژەی بەوەش کرد "کێشەی نەبوونی پارەی نەختینە چارەسەرکراو و پێویستە بەڵێندەران بەپەلە دەست بە پرۆژەکانیان بکەنەوە، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا پرۆژەکان بکەونە خزمەتی هاووڵاتییان".