شێروان دووبەردانی: هەندێک لایەنی سیاسیی کوردستان هۆی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانن

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، نەناردنی مووچەی مووجەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە سیاسییە، هەندێک لایەنی سیاسی کوردستان لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە بەغدا کێشە بۆ مووچە دروست دەکات.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە سیاسییە، دەشڵێت: پێشتریش لە کوردستان24 باسم لەوە کردووە، چەند لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نزیک ببینەوە، هەندێک لایەنی سیاسی کوردستان لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە بەغدا کێشە بۆ مووچە دروست دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە بەدواداچوونمان کردووە، نەناردنی مووچەی مانگی تەمموز کە ئێستا لەکۆتاییەکانی مانگی ئابداین، فشارێکی سیاسییە لەسەر حکوومەت و پارتی. گوتیشی: لەکۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووی نێوان لیژنەی دارایی و وەزیری دارایی، تەیف سامی وەزیری دارایی ئەوکات بەڵێنی دا ڕۆژی پێنجشەممە پارە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام بەداخەوە فشاری سیاسیی لەسەر تەیف سامی هەیە بۆیە تاوەکو ئێستا مووچە ڕەوانە نەکراوە. هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرپرسە لەوە، چونکە یەکەم کەسە ئیمزای لەسەر ڕەوانەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان کردووە.

شێروان دووبەردانی دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان 20 ڕۆژ لەمەوبەر لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، دەمەوێت ئەوەش بڵێم لەسەر ئاستی عێراق وەزارەتی دارایی بەردەوام وردبینی بۆ لیستی مووچە خۆرانی عێراقی دەکات، بەڵام مووچە ڕاناگیرێت.

ڕوونیشی کردەوە، هەر فەرمانبەرێکی عێراقی دوو مووچە یان زیاتری هەبێ ئاگادار دەکرێتەوە و ئەو پارەشی پێشتر وەری گرتووە، بەقیست لێی وەردەگیرێتەوە، بۆیە ئەگەر باس لە زیاد بوونی ناوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەن، با لەسەر لیستی مانگەکانی پێشوو کە خۆیان پەسەندیان کردووە بینێرن، ناکرێت ملیۆنێک و 200 هەزار فەرمانبەر بکرێتە قوربانی چەند هەزار کەسێک.

 

Fly Erbil Advertisment