باڵەخانە گرانبەهاکەی کوڕی ناتانیاهۆ لەلایەن پۆلیسی ئەمەریکاوە گەماڕۆ درا
ئەو باڵەخانە گرانبەهایەی کە یائیر کوڕی سەرۆکوەزیری ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ تێیدا دەژی و لە مەیامی ئەمەریکایە، پۆلیسی ئەمەریکا بەهۆی بوونی شتێکی گوماناوی گەماڕۆی داوە.
ڕۆژنامەی 'ئورشەلیم پۆست' بڵاوی کردەوە کە یائیر ناتانیاهۆ لە کاتی ڕووداوەکەدا لە باڵەخانەکەدا نەبووە، چونکە ئێوارەی چوارشەممە گەڕاوەتەوە ماڵەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی، دانیشتوویەکی باڵەخانەکە گوتیەتی ئاگادارکەرەوەی ئاگرکەوتنەوەکە لە سەرەتای ئەو ڕۆژەدا کوژاوەتەوە، کە ئەمە ئاماژە بەوە دەکات ئەو دوو ڕووداوە پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە.
بەڕێوبەرایەتی باڵەخانەکە و پۆلیس نامەیەکیان پێگەیشتووە کە داوا لە دانیشتووان دەکات لە شوقەکانیان بمێننەوە و نزیک نەبنەوە لە پەنجەرەکان. دوای نزیکەی سێ کاتژمێر پێیان ڕاگەیەنراوە کە قەدەغەی هاتووچۆ کۆتایی هاتووە و دەتوانن بە سەلامەتی شوقەکانیان بەجێبهێڵن.
ڕووداوەکە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی دەنگۆ لەناو دانیشتووانی باڵەخانەکە، هەندێکیان پێیان وابوو کە ئەو شتە گومانلێکراوەیە بۆمب بووبێت، هەندێکی تر پێیان وابوو ئەو کارە ئاساییە و کاردانەوەکان زیادەڕەوییان تێیدا کراوە.
ئەم ترسە بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئیسرائیلییەکان لە باڵەخانەکەدا و هەروەها مانەوەی یائیر ناتانیاهۆ لەو باڵەخانەیەدا دروست بووە.
یەکێک لە دانیشتووان دەڵێت: زۆر کەس لە ترسی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان پێیان باشە باسی وردەکارییەکانی ڕووداوەکە نەکەن و ئاماژەی بەوەدا کە یائیر زۆر نیگەران دیارە لەودۆخە.