ڕیڤاڵدۆ: رۆیشتنی گوندۆگان شكستێكی گەورەیە بۆ بارسێلۆنا

ڤیتۆر رۆكی و ریڤاڵدۆ و ئیلكای گوندۆگان
ڤیتۆر رۆكی و ریڤاڵدۆ و ئیلكای گوندۆگان

ڕیڤاڵدۆی بەڕازیلی، ئەستێرەی پێشووی یانەی بارسێلۆنا پێی وایە ڤیتۆر ڕۆکی هاونیشتیمانی لە ڕیزەکانی ڕیال بێتیس سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت و دەیسەلمێنێت بارسێلۆنا لە بڕیاری دەستبەرداربوونی پەلەی كردووە، لە لایەكی دیكەیشەوە ریڤاڵدۆ جەخت لەوە دەكاتەوە رۆیشتنی گوندۆگان بەسوودی مانچێستەر سیتی كۆتایی دێت.
ڕیڤاڵدۆ كە پێشتر ناسناوێكی چامپیۆنزلیگ و خەڵاتێكی باڵۆن دۆری لەگەڵ بارسێلۆنا بردووەتەوە، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی كەتەلۆنیا رایگەیاند: "ڤیتۆر رۆكی پەیوەندی بە یانەیەکی گەورەی وەكو ریال بێتیس كرد، بێتیس تیپێکی گەورەیە بۆ یاریکردن تێیدا، پێموایە بۆ ڤیتۆر رۆكی ئاسانتر دەبێت كە وەكو یاریزانێكی گەورە لە لالیگا خۆی نماییش بكات.
ریڤاڵدۆ گوتیشی: ئێستا ڤیتۆر رۆكی بۆ وەرزی نوێ لە هەمان ئەو خولەدا یاری دەكات كە بارسێلۆنای تێدا بەشدارە، دڵنیام ئاستێكی بەرز پێشكەش دەكات، دەیسەلمێنێت كە بارسێلۆنا لە بڕیاری دەستبەرداربوونی پەلەی كردووە.
لە لایەكی دیكەیشەوە لەبارەی رۆیشتنی گوندۆگان لە بارسێلۆنا و گەڕانەوەی ئەو یاریزانە بۆ یانەی مانچێستەر سیتی، ریڤاڵدۆ ئاماژەی بۆ ئەوە كرد بارسێلۆنا كارێكی هەڵەی كرد رێگەی بە رۆیشتنی گوندۆگان دا، لە داهاتوو زۆر بیری ئەو یاریزانە دەكات، چونكە گوندۆگان یاریزانێكی گەورەیە، مانچێستەر سیتی زۆر سوودمەند دەبێت لە گەڕانەوەی ئەو یاریزانە.
ریڤاڵدۆ ئێستا تەمەنی 52 ساڵە، پێشتر بۆ ماوەی پێنج ساڵی یاریی بۆ یانەی بارسێلۆنا كرد لە كۆی 235 یاری، 130 گۆڵ و 45 ئاسیستی تۆمار كرد و لە ساڵی 2002 یانەكەی جێهێشت.