د. گۆڤەند شێروانی: ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم زیانی گەورەی بە ئابووریی عێراق و کۆمپانیاکان گەیاندووە

K24 – هەولێر:
هەرچەندە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کورستان ئامادەییان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دەربڕیوە، بەڵام ساڵێک و پێنج مانگە بەهۆی ڕێکنەکەوتنی حکوومەتی عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت هەناردەکردنی نەوت ڕاگیراوە.
لە ئەنجامی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان به گووتهی كۆمهڵهی پیشهسازیی نهوتی كوردستان ناسراو به ئهپیكور، تاوەکوو ئێستا 19 ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی عێراق كهوتووه، ئەگەرچی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە، بەڵام بەهۆی ڕێکنەکەوتنی وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەستی پێنەکردووەتەوە.
لەوبارەیەوە، ئامانج مەحموود، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: ئەو کێشەیە پەیوەستە بە یاسای بودجەوە و چەند بڕگەیەکی تێدا لەخۆگرتووە کە نەتواندراوە تاوەکوو ئێستا تێپەڕێندرێت بۆیە بە پێویستی دەزانێت ئەو یاسایە هەمواربکرێتەوە بۆ چارەکردنی بنەڕەتی ئەو کێشەیە.
هاوکات د. گۆڤەند شێروانی، شارەزای بواری وزە بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد: ئەگەر کەمترین ڕێژە بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، 400 هەزار بەرمیل بە نرخی 70 دۆلار وەربگرین، ئەوا ڕۆژانە دەکاتە 28 ملیۆن دۆلار و مانگانەش دەکاتە 840 ملیۆن دۆلار و ساڵانەش دەکاتە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار، ئەمە قەبارەی زیانە ئابوورییەکانی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە.
ئەو شارەزای بواری وزەیە گوتیشی: ئێستا کە 17 مانگە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، زیاتر لە 14.2 ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی عێراق کەوتووە.
هەروەها د. گۆڤەند شێروانی جەختی کردەوە: جگە لە ئابووریی عێراق، کۆمپانیا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئەو کۆمپانیایانەشی لە گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوتەکە لە ڕێگەی بۆری نەوتی تورکیاوە کاردەکەن، لەگەڵ بازاڕەکانی جیهانیش لە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان زەرەرمەند بوون.
شاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق - تورکیا چەندین جار کۆبوونەتەوە، دواترینیان سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بوو، سەرەڕای ئەوەی تورکیا، هەرێمی کوردستان و کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) ئامادەیی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەربڕیوە، بەڵام عێراق بێ لەبەرچاوگرتنی زیانەکان، بڕیاری هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی نەداوە.
لە 25ـی ئاداری 2023 هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا ڕاگیرا، تاوەکو ئێستاش بەپێی ئامارەکانی ئەپیکور، زیاتر لە 19 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار زیان بە داهاتی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووە، لە ڕووی بازاڕی وزەی جیهانیشەوە، ڕاگیرانی هەناردەکردنی 450 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێم، بووەتە هۆکاری ناهاوسەنگی بازاڕی وزە.
لەلایەکی دیکەشەوە، زیانی بە هێزی کار لە هەرێمی کوردستان گەیاندووە، چونکە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت لە هەرێمی کورستان کارمەند و ستافەکانیان کەمکردوونەتەوە، سەدان کارمەند و کڕیکاری ئەو کۆمپانیایانە کارەکانیان لەدەست داوە و کاریگەری لەسەر ناوبانگی عێراقیش هەیە، بەهۆی ئەوەی عێراق پابەندی گرێبەستەکان نەبووە و ئامادە نییە هەناردەی نەوت دەست پێ بکاتەوە، خواستی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ وەبەرهێنان و کارکردن لە عێراق کەمدەکاتەوە.