سبەینێ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆ دەبێتەوە؛ بەرەی تورکمانی هۆشداری دەدات

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

K24 – کەرکووک:

دوای ئەوەی لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا بە بەشداری چەند لایەنێک حکوومەتی خۆجێی کەرکووک پێک هێنرا، بڕیارە سبەینێ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ یەکەمجار کۆ بێتەوە، بەرەی تورکمانی و حزبی سیادە ڕەتیان کردووە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن و پارتی دیموکراتی کوردستانیش تا ئێستە بڕیاری نەداوە کە بەشدار دەبێت یاخود نا.

هەینی 23ـی ئابی 2024 هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک ڕایگەیاند، بڕیارە سبەینێ شەممە کاتژمێر 3ـی دوای نیوەڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە بەشداری لایەنە پێکهێنەرەکانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک کۆ بێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەکەی سبەینێ 9 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا بەشدار دەبن، بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەش سێ خاڵ لەخۆ دەگرێت؛ یەکەمیان: گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی 7 هەزار پلەی وەزیفی کە بۆ دامەزراندنی هاووڵاتییانی کەرکووک بە شێوەی گرێبەست تەرخان کراوە.

خاڵی دووەم، گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و خاڵی سێیەمیش؛ داوا لە بەرەی تورکمانی دەکرێت ئەو پۆستانەی کە بۆیان دانراوە پڕیان بکەنەوە.

کوردستان24 زانیویەتی، بەرەی تورکمانی سبەینێ بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا دەکات و هۆشداری ئەوەشی داوە کە بە هیچ شێوەیەک بڕیار لەسەر ئەو پۆستانە نەدرێت کە بۆ تورکمان دانراوە، چونکە بەرەی تورکمانی جەخت لەوە دەکاتەوە، تاوەکو یەکلاکردنەوەی سکاڵایان لە دادگای فیدراڵی نابێت دەستکاری پۆستەکان بکرێت. هەروەها حزبی سیادەش بایکۆتی کۆبوونەوەکە دەکات، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستانیش تا ئێستە بڕیاری نەداوە کە بەشدار دەبێت یاخوود نا.

شەوی شەممە 10ـی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردبێت و بە "نایاسایی" ناویان برد و جەختیان کردەوە: لە کاتی خۆیدا ئاگادارنەکراونەتەوە.

Fly Erbil Advertisment