تۆمەتبارێکی سەرەکی دزیی سەدە تووشی ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆ بوو

تۆمەتباری سەرەکی دزیی سەدە، نوور زوهێر، دوای ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوو هەڕەشەی ئاشکراکردنی چەندین کەسی کرد، شەوی ڕابردوو لە نزیک بەیرووتی پایتەختی لوبنان لە ڕووداوێکی هاتوچۆ بەسەختی بریندار بوو، بەهۆی ئەو زەبرانەی بەری کەوتوون گومان دەکرێت نەتوانێت هەر وا بە ئاسانی لە بەردەم دادوەردا ئامادە بێت.
مێدیاکانی لوبنانی بڵاویان کردووەتەوە؛ نوور زوهێر موزەفەر، گەورە بازرگانی عێراقی و تۆمەتباری سەرەکیی دزیی سەدە لە نزیک ناوچەیە حودەت – بەیرووت تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووە و نزیک بووە بمرێت.
هەروەها مێدیاکان لە زاری سەرچاوە تەندروستییەکان ئاماژەیان داوە "نوور زوهێر، گواستراوەتەوە نەخۆشخانە و تیماری سەرەتایی بۆکراوە، بەڵام بەهۆی بەهێزی و کاریگەرییەکانی ڕووداوەکەوە، لە پشکینینەکان دەرکەوتووە زەبری بەهێز بەر بڕبڕەی پشت، مل و پەراسووی کەوتووە، جگە لەمانەش چەندین برین بەر سک، پشت، سەر و قاچەکانییەوە هەن، ئێستاش لە ژێر چاودێریی چڕیی پزیشکیدایە".
نوور زوهێر، خاوەنى هەردوو کۆمپانیاى قانت و موبدیعون پێشتر بە بڕیارى دادگەى لێکۆڵینەوەى کەرخ لە بەغدا کە تایبەتە بە دۆسیەکانى دەستپاکى بە کەفالە ئازاد کرا، بڕیاریش بوو لەسەر دۆسیەی دزیی داهاتی باج لە عێراق کە بە دزیی سەدە ناسراوە 28ی ئەم مانگە لەبەردەم دادوەر ئامادە بێت.
هەروەها هەفتەی ڕابردوو ئەو گەورە بازرگانەی عێراق، ھەڕەشەی ئاشكراكردنی ناوی چەندین كەسی کرد بوو، گوایە پەیوەندییان بە دۆسییەی دزینی دوو ملیار دۆلارەوە هەیە لە عێراق و بەشێک لە دزیی سەدە. ڕاشیگەیاندبوو، ئەو پارەیەی لە بانكی ڕافیدەینی عێراقی ڕایکێشاوە، سامانی دەوڵەت نییە و ئەگەر دادگایی بكرێت ناوی چەندین كەسی دیكە ئاشكرا دەكات.
دزیی سەدە ساڵی 2022 و لەسەردەمی کابینەکەی مستەفا کازمی ئاشكرا بوو، سەرەتا وا بڵاوکرایەوە 3 تریلیۆن و 700 ملیار دینار لەو پارانەی بەناوی سپاردەی باجەکانەوە لە بانک دانراوە، لەنێوان ئەیلوولی 2021 تاوەکو ئابی 2022، بردراوە؛ بەڵام ئێستا دەرکەوتووە پارەکە و ژمارەی تۆمەتبارانیش لەوە زیاترن و سەرەتای ئەم مانگە دەستەی دەستپاکیی عێراق ناوی ژمارەیەک تۆمەتبار و بڕی ئەو پارەیەی بردوویانە، ئاشکرا کرد، کە نزیکەی شەش تریلیۆن و 500 ملیار دینارە.