لە سووریا سەرکردەیەکی باڵای ڕێکخراوی 'حوڕاس ئەلدین' کوژرا
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەندراوێکدا کوشتی سەرکردەیەکی باڵای ڕێکخراوی 'حوڕاس ئەلدین'ی لە سووریا ڕاگەیاند، کە بەرپرس بووە لە هێرشە تیرۆریستییەکان.
فەرماندەییەکە ڕایگەیاندووە، لە هێرشێکی وردی ئاسمانیدا توانیویانە ئەبو عەبدولڕەحمان مەکی، ئەندامی ئەنجوومەنی شورای 'حوڕاس ئەلدین" بکوژن کە بەرپرس و سەرپەرشتی هێرشە تیرۆریستییەکانی ڕێکخراوەکەی بووە لە سووریا.
لەلایەن خۆیەوە، جەنەراڵ مایکل ئێریک کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە پەیامێکدا ئاماژەی داوە "سێنتکۆم لە پێناو سەقامگیریی ناوچەکە، بەردەوام پابەندە بە تێکشکاندنی تیرۆریستان لە سنووری ناوچەی بەرپرسیارێتییەکانیدا کە بوونەتە هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمان و هاوبەشەکانی."
حوڕاس ئەلدین، ڕێکخراوەیەکی چەکداری سەر بە ڕێکخراوی قاعیدە و بنکەی سەرەکیان لە سووریایە، هەروەها لەگەڵ ڕێکخراوی قاعیدە لە ناوچەکە و جیهاندا بەشداریی لە هێرشەکانی دژ بە ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوایی دەکات.