ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بێ بەشداریی پارتی و تورکمان و سێ ئەندامی عەرەبی کۆدەبێتەوە

دوای ئەوەی شەممە، 10-08-2024، بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکە دووبارە بەبێ بەشداریی پارتی و تورکمان و سێ ئەندامی عەرەبی کۆ دەبێتەوە.
شەممە، 24ـی ئابی 2024، ئەنجوومەنی پاریزگای کەرکووک دەیەوێت یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لەبارەی سێ تەوەر بکات، وەک ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر سێ تەوەرکۆدەبنەوە، یەکەمیان پەیوەستە بە دەنگدان لەسەر دانانی لیژنەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەن بۆ ئەوەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەن هەمووار بکەنەوە. دووەمیش دانانی میکانیزمێکی گونجاو بۆ دابەشکردنی پلە وەزیفییەکان لەو حەوت هەزار گرێبەستەی بۆدامەزراندنی خەڵکی کەرکووک هەیە. سێیەمیش داوەتنامەیەکە بۆ تورکمانەکان بۆ ئەوەی پەیوەندی بەو حکوومەتەوە بکەن و ناو و سیڤی بەربژێرەکانیان بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکان کە بۆ ئەوان دانراوە،بنێرن .
ئەحمەد کەرکووکی گوتی: ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بگەینە ڕێککەوتن و بێنە نێو حکوومەتەکەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24: بەر لەو کۆبوونەوەیەی ئەنجوومەنی پارێزگا، کۆبوونەوەیەک لەنێوان سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و ئەو ئەندامانەی بەشدارن، دەکرێت، لە کۆبوونەوەکە سەرۆکی ئەنجوومەن دەیەوێت بڕیار لەسەر چەند گۆڕانێک بدات، لەوانەش جێگری پارێزگار کە بڕیارە ئەمڕۆ دەنگی لەسەر بدرێت.
هەر بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، پێنج ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەندامێکی کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی، بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکەن، بەڵام سێ ئەندامی عەرەبی لە هاوپەیمانیی سیادە و دوو ئەندامی فراکسیۆنی پارتی و دوو ئەندامی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی بەشداریی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ناکەن.
شەوی شەممە، 10-08-2024، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
ڕۆژی چوارشەممە، 14-08-2024، ڕێبوار تەها، وەکوو پارێزگاری نوێی کەرکووک دەست بە کار بوو؛ ڕۆژی یەکشەممەش، 18-08-2024، محەممەد حافز، وەکوو سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەست بە کار بوو.