ناتانیاهۆ: ئەوەی زیانمان پێ بگەیەنێت، زیانی پێ دەگەیەنین

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئیسرائیل بڕیاری داوە دانیشتوانی باکور بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و ئەوەشی زیان بە ئێمە بگەیەنێت زیانی پێ دەگەیەنین.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی ئابی 2024، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئێمە دەمانەوێت دادپەروەریی تەواو بۆ ئاسایشی دانیشتوانی باکووری ئیسرائیل هەبێت.
جەختی لەوەش کردەوە ئیسرائیل بڕیاری داوە "هەموو شتێک بکات بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەی، هەرکەسێک بیر لە زیانگەیاندن بە ئیسرائیل بکاتەوە زیانی پێ دەگەیەنین".
هەروەها داواشی لە وەزیری بەرگری کرد پابەندی ڕێنماییەکانی بەرەی ناوخۆ بێت.
ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە ئۆپەراسیۆنێکی پێشوەختەدا لە ژێر ڕێنمایی هەواڵگریدا، هێرشێکی فڕۆکەی جەنگییان بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵلا دەست پێ کردووە.
سوپا لە بەیاننامەیەکدا ڕوونی کردەوە کە نزیکەی 100 فڕۆکەی جەنگی هێرشیان کردووەتە سەر هەزاران سەکۆی مووشەکهاوێژی حزبوڵڵا کە ئامادە کرابوون مووشەک بەرەو باکور و ناوەڕاستی ئیسرائیل هەڵبدەن و سەرجەم سەکۆکانیان لەناو بردووە.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش دا "ئەم ئۆپەراسیۆنە شوێنەکانی باشووری لوبنان کردە ئامانج، بە ڕێنوێنی فەرماندەی باکوور و دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل کراوە".
سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاندووە، زیاتر لە 40 ناوچەی هەڵدانی مووشەک کراونەتە ئامانج.
ئەمڕۆ یەکشەممە، حزبوڵڵای لوبنانی ڕایگەیاند "320 مووشەکمان بۆ ناوچە سەربازییەکانی ئیسرائیل هەڵداوە، هەروەها 11 بنکەی سەربازیشمان بۆردوومان کردووە، قۆناغی یەکەمی هێرشەکانمان بەسەرکەوتووی جێبەجێ کردووە".
لای خۆیەوە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە بەرپرسانی ئەمەریکا کردووە لە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا بەردەوامدابن.
هەر سەبارەت بەو هێرشەوە، یوئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، بۆ ماوەی 48 کاتژمێر باری ناکاویی لە وڵاتەکەی ڕاگەیاند.