سیاسەتمەدارێک: ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و حەشەد لە سەر ئاستی باڵای سەرکردەکانە

سیاسەتمەدارێک ڕایگەیاند، بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان، یەکێتی و حەشەد خەریکی پلانگێڕین و سیناریۆ دروست دەکەن، ڕێککەوتنەکانیشیان لەسەر ئاستی باڵای سەرکردەکانیانە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی ئابی 2024، د. محەممەد ئیحسان، ئەکادمیست و سیاسەتمەدار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەو ڕێککەوتنەی لە موسڵ و ناوچەکانی دیکە لە نێوان حەشەدی شەعبی و یەکێتی بۆ دارشتن کردنی ئایندەیەکی نێوان خۆیان لە سەر ئاستی پەترۆڵ و ئابووری و تێکدانی بارودۆخی کوردستان لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان ئەوە شتێکی چاوەڕوانکراو بوو.
بەگوتەی ئەو سیاسەتمەدارە، هەرچەند لە هەڵبژاردنەکانەوە نزیک ببینەوە، توندوتیژی لەلایەن هەردوولا زۆر تر دەبێت، ئەگەر سەیری ئەو ناوچەیە بکرێت، کفری و گەرمیان کە نەوتی تێدایە و یەکێتی و حەشەد تێیدا خەریکی سیناریۆ سازکردنن. حەشەدی شەعبی هێزێکی لادەرە و لە کۆنترۆڵ دەرچووە، هەروەها ئەم ڕێککەوتنە لە نێوان یەکێتی و حەشەدا لە سەر ئاستی باڵای سەرکردەکانە.
محەممەد ئیحسان دەشڵێت: بۆ چوونێکی دیکە هەیە کە کۆمپانیایەکی کەندی دەرهێنانی نەوت هەیە، کە ڕێککەوتنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە، هەر لەبەر ئەو عەقڵیەتە ئەو هێزە جوڵاوە.
نزیکەی کاتژمێر 04:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 25-08-2024، هێزێکی زۆری حەشدی شەعبی کە نزیکەی سێ هەزار چەکدارن و بە 200 ئۆتۆمبێل، شۆفڵ، هامەر و کەرەستەی سەربازی دیکە، بە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی لە ناوچەی بۆشایی ئەمنی لە سنووری لیوای پێنجی پیادە لە گەرمیان هاتوونەتە ناحیەی کوڵەجۆ و دەستیان بەسەر بیرە نەوتێکدا گرتووە.
هێزەکەی حەشدی شەعبی لە نزیکی بیرە نەوتەکە لە کوڵەجۆ سەرقاڵی دروستکردنی سەنگەر و بەهێزکردنی پێگەکانیان.
هێزەکانی یەکێتی سەنگەرەکانیان بۆ حەشدی شەعبی جێهێشتووە و بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوانیان، بیرە نەوتەکە و ناوچەیەکی بەرفراوانی گەرمیان ڕادەستی حەشدی شەعبی دەکەن.