پڕۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی کۆبوونەوەی ئاو لە ڕێگەی هەولێر- شەقڵاوە جێبه‌جێ ده‌كرێت

پرۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی دروستبوونی لافاو
پرۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی دروستبوونی لافاو

پرۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی کۆبوونەوەی ئاو  لەسەر ڕێگەی هەولێر- شەقڵاوە جێبەجێ دەکرێت، بە تەوابوونی ئەو پرۆژەیەش، مەترسی دروستبوونی لافاو لەسەر شاری هەولێر کەم دەبێتەوە.

لە چوار چێوەی کارەکانی چارەسەرکردن و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گه‌شتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی پڕۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی کۆبوونەوەی ئاو لە ڕێگەی هەولێر- شەقڵاوە کە بە گوژمەی  هەشت ملیار دینار لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە جێبەجێکردنی کراوە، پڕۆژەکەیان بەسەرکردەوە.

لەو بەسەرکردنەوەیاندا كه‌ هەریەک لە جێگری پارێزگار و قایمقامی قەزای ناوەندی هه‌ولێر یاوەریان بوون، دوای ئەوەی لە نزیکەوە لەگەڵ تیمی پڕۆژەکە لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانیان کۆڵییەوە، دەستخۆشیان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی هەولێر و ئەندازیار و سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە کرد، هاوکات جەختیان لە گرنگی و ستراتیژیەتی پڕۆژەکە بۆ شاری هەولێر کردەوە، ئاماژەیان بەوەدا کە بەهۆی ئەو پڕۆژەیەوە دەتواندرێت بەشێکی زۆری ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت کە ساڵانە لەو شوێنەدا بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو جگە لە مەترسیی دروستبوونی لافاو ئاستەنگی هاتوچۆشی بۆ هاووڵاتییان و شۆفێران دروست دەکرد.

پڕۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی کۆبوونەوەی ئاو لە ڕێگەی هەولێر- شەقڵاوە و دەوروبەری شەقامی خێرای 150 مەتری، بریتییە لە دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی  3 × 3 مەتری لەسەر شەقامی سەرەکیی هەولێر - شەقڵاوە تا دەگاتە شەقامی خێرای 150مەتریی بە درێژایی زیاتر لە  3 کیلۆمەتر و دروستکردنی ئاوبەری سندووقی دوو چاوە  2.5 × 2.5 مەتری بە درێژی 60 مەتر لەسەر شەقامی خێرای 150 مەتریی، پڕۆژەکە پێش وەرزی بارانبارین بە کۆتا دێت.