پاکستان.. گرووپێکی چەکدار 39 کەس دەکوژن
بەرپرسانی حکوومەت ڕایانگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، گرووپێکی چەکدار، 39 کەسیان لە باشووری ڕۆژئاوای پاکستان کوشتووە، دوای ئەوەی ناچاریان کردوون لە ئۆتۆمبێلەکان دابەزن.
گرووپی چەکداری "سوپای ئازادیی بەلوچ" کە چالاکترین گروپی چەکداریی جوداخوازەکانە لە ناوچەکەدا، بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس سەلماند.
نەجیبوڵڵا کاکار، بەرپرسی باڵای ناوچەی موسا خێڵ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند " کاتێک چەکدارەکان چەند پاسێکی گەورە و بچووکیان لەسەر ڕێگای خێرای نێوان پەنجاب و بەلوچستان وەستاندووە، لانی کەم 39 کەسیان کوشتووە و پێنج کەسیشان بریندار کردووە".
ئەو گوتی:ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە دەچوون بۆ پەنجاب پشکنراون و ناسنامەی پەنجابییەکان ناسێنراون و ئینجا تەقەیان لێکراوە.
گوتیشی: لە نێو کوژراوەکاندا سێ بەلوچ و 19 پەنجابی هەن کە زۆربەیان کرێکار بوون. ژمارەی چەکدارەکان لەنێوان 30 بۆ 40 چەکدار بووە.
بەرپرسێکی دیکەی ناوچەکە بەناوی حەمید زوهری دەڵێت: سوپای ئازادیی بەلوچ ڕایگەیاندووە، کوژراوەکان سەرباز بوون بەڵام بە جل و بەرگی مەدەنی، هەروەها لەلایەن چەکدارانی سوپای ئازادی بەلوچەوە ناسێنراون و پاشان کوژراون، بەبێ ئەوەی ناسنامەکانیان پێشکەش بکەن.
بەلوچستان، گەورەترین و هەژارترین پارێزگای پاکستانە، سەرەڕای زۆری سەرچاوە سروشتییەکانی.
لەم ساڵانەی دواییدا، جوداخوازانی بەلوچ هێرشەکانیان بۆ سەر پەنجابی و سیندی بەشەکانی تری پاکستان کە لەو پارێزگایە کار دەکەن و کۆمپانیاکانی وزەی بیانی، کە پێیان وایە بۆ بردنی سامانەکەی دێنە ناوچەکە، چڕ کردووەتەوە.
پەنجاب، گەورەترین گرووپی نەژادی تێیدایە کە لە نێو شەش گرووپی سەرەکی پاکستاندا بە باڵادەست دادەنرێت لە ڕیزەکانی سوپای پاکستان، کە بۆ لەناوبردنی گروپە چەکدارەکان لە بەلوچستان دەجەنگن.