گوهدار شێخۆ: زاخۆ بووە بە نموونەی ئاوەدانی و پاکوخاوێنی
سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردی بناغەی پرۆژەیەکی خزمەتگوزاریی دانا و دەڵێت: شارەکەیان بووە بە نموونەی ئاوەدانی و پاکوخاوێنی.
دووشەممە، 26-08-2024، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە چاودێریی گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ؛ بەردی بناغەی پرۆژەی قۆناغی سێیەمی دروستکردنی ژمارەیەک شەقامی ناوخۆیی دانرا.
گوژمەی حەوت ملیار دینار بۆ پرۆژەکە تەرخان کراوە و لەلایەن کۆمپانیای "کاڤین گرووپ"ـەوە جێبەجێ دەکرێت. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، داوای لە هاووڵاتییانی دەڤەرەکە کرد، هاوکاربن لەگەڵیان لە جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان.
گوهدار شێخۆ باسی لەوەش کرد "کاروانی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردەوام دەبێت؛ "ئێستا زاخۆ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بووەتە نموونەی ئاوەدانی و پاک و خاوێنی، بۆیە داوا لە هاووڵاتییانمان دەکەم ئەم پاکوخاوێنییە بپارێزن و لە جێبەجێکردنی پرۆژەکانیشدا هاوکارمان بن".
ئەمە لە کاتێکدایە، تەنها لە سەدا 19ی شەقامەکانی زاخۆ ماون قیرتاو بکرێن و بڕیاریشە تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ ئەوانیش قیرتاو بکرێن.
دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ
یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە ئیدارییەکان بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بوو، کە لەو ڕێگەیەوە کاروباری ئیداری ئاسانتر و دەسەڵاتی بڕیاردانیش زیاتر بوو.
ڕۆژی 20-09-2021، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دامەزرێندرا. بەم بڕیارە، دەستی زیاتری ئاوەدانی گەیشتە زاخۆ و کاروباری ڕۆژانەی خەڵکیش ئاسانتر ڕایی دەکرێن.
لەوکاتەوە تا ئەمڕۆ، بە گوژمەی زیاتر لە لە230 ملیار دینار، 286 پرۆژەی گەورە و بچووک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجی کراون؛ 218 پرۆژە تەواو بوونە و 68 پرۆژە لە جێبەجێکردندان و لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو دەبن و دەچنە خزمەت هاووڵاتییان.
پرۆژەکان بەم شێوەیە بەسەر کەرتەکاندا دابەش بوون:
* کەرتی شارەوانی و ڕێگا و پرد: 90 پرۆژە
* کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا: 17 پرۆژە
* کەرتی ئاو و ئاوی ژێرزەوی و چاندن: 45 پرۆژە
* کەرتی تەندروستی: 20 پرۆژە
* کەرتی کارەبا: 33 پرۆژە
* کەرتی گەشتوگوزار و شوێنەوار: 16 پرۆژە
* کەرتی فەرمانگەکانی حکوومەت و ئەوقاف: 54 پرۆژە
لەو چوارچێوەیەدا، لە سەدا 81 ی شەقام و کۆڵانەکانی زاخۆ قیرتاو کراون و بەرپرسانی ئیدارەکە دەڵێن، لە ئاییندەیەکی نزیکدا شوێنێک نامێنێت قیرتاو نەکرابێت.
کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان
دوای ئەوەی زاخۆ کرایە ئیدارەیەکی سەربەخۆ، 7 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نوێ لەو سنوورە دامەزرێندراون، 17 بنکە و نووسینگە و بەش کراون بە بەڕێوەبەرایەتی. هاوکات 16 بەڕێوەبەرایەتی کراونەتەوە کە پێشتر لە زاخۆ نەبوون .