وەزیری شارەوانی: پێویستە پێش 10ـی ئەیلوول ئامادەکارییەکانی دابەشکردنی زەوی تەواو بکرێن
بە سەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، كۆبوونەوەیەك سەبارەت بە خێراكردنی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەڕێوە چوو.
دووشەممە، 26-08-2024، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرجەم بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەكان و سەرۆك شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانی نەخشەدانی ئاوەدانی لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە خێراتركردنی ئامادەكاریی دابەشكردنی زەوی بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی شارەوانیدا هاتووە، هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ ئیشوكارەكانی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران كرا و تێیدا لەلایەن سەرجەم شارەوانییەكانەوە داتا و زانیاریی ورد و گرفتەكانیان سەبارەت بەو پرۆسەیە خستەڕوو كە ژمارەیەك لە شارەوانییەكان بەشی زۆری كارەكانیان تەواو كردووە لە دابینكردنی زەوی و دانانی نەخشەی كەرتی و ژمارەی فەرمانبەران و لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەكەش بەردەوامن.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، "باسی لە گرنگیی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران كرد و جەختی لەسەر خێراتركردنی ئامادەكاریی شارەوانییەكان كردەوە و ڕایسپاردن ئەوانەی تاوەكوو ئێستا ئامادەكاریی تەواویان نەكردووە یان گرفتیان هەیە، بەزووترین كات گرفتەكانیان چارەسەر بكرێت، جەختی کردەوە پێویستە سەرجەم ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بەزووترین کات تەواو بكەن و نەخشەی كەرتی بۆ زەوییەكان دابنێن، بۆ ئەوەی فەرمانبەران لەو بڕیارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوودمەند ببن بە وەرگرتنی زەوی".
بەگوێرەی ئەو زانیاری و داتایانەی لە كۆبوونەوەكەدا لەلایەن شارەوانییەكانەوە خرایەڕوو، بەرەوپێشچوونی پرۆسەكە لە ئاستێكی زۆر باشدایە و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش ئاماژەی بەوە كرد لە 10ی مانگی داهاتوو ئەمساڵدا كۆبوونەوەیەكی دیكە دەكرێت و پێویستە تا ئەو وادەیە سەرجەم ئامادەكارییەكان تەواو كرابن و بەرەوپێشچوونی زۆرتر ڕوو بدات.