هەر سێ کۆمەڵگەی شاریا و تەناهی و مسێریک بەم زووانە دەکرێنە ناحییە
بەم زووانە هەرسێ کۆمەڵگەکانی شاریا و تەناهی و مسێریک بە فەرمی دەبنە شارەدێ، بڕیاڕەکە گەیشتووەتە قایمقامییەتی سێمێل و کار لەسەر ژمارەی دانیشتووان و ئاوارە و خەڵکی بیانیی دەکرێت، هەروەها سنووری کارگێڕی ئەو گوندانەی دەکەونە سنووری شارەدێکان دەستنیشان دەکرێن، بەگوێرەی ئامارەکانیش ژمارەی دانیشتووانی هەرسێ کۆمەڵگەکە 136 هەزار کەس دەبن.
ئەو بڕیارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داویەتی بۆ ئەوەی شاریا ببتە ناحییە، ئێزدییەکانی دانیشتووی ئەو کۆمەڵگەیەی دڵخۆش کردووە و بڕیارەکە بە گرنگ وەسف دەکەن، خێرۆ یەک لە کەسایەتییەکانی دەڤەرەکەیەو ئاماژە بەوە دەکات، خەڵکی ناوچەکە چەندین داخوازییان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکرێت.
خێرۆ سلێمان دەڵێت: مەزارگە و شوێنە ئاینییە پیرۆزەکانی ئێمە بپارێزرێن، داوا لە حکوومەت دەکەین ئەگەر شاریا بووە ناحییە، بەڕێوەبەری ناحییەی شاریا و بەرپرسانی دیکەی ئەو ناوچەیە خەڵکی شاریا بن.
جگەلە کۆمەڵگەی شاریا، کۆمەڵگەی تەناهی و مسێریکیش بوونە ناحییە، بەڕێوەبەرایەتییە تایبەتەکانی لێ دەکرێنەوە، ئەوەش دەبێتە ڕێگەخۆشکەر بۆ ئەوەی ئاوەدانیی بگاتە ناوچەکە.
حەیدەر نێروەیی، مامۆستای ئایینی لە تەناهی گوتی: سوپاس بۆ خودا کە ئەو ڕۆژە هات تەناهی ببێتە ناحییە، سوپاس بۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ناحییەکە بەشێوەیەک لە شێوەکان دەتوانێت خزمەتی خەڵکەکەی خۆی بکات.
محەمەد ساڵح، موختاری مسێریک دەڵێت: بڕیاری کردنە ناحییەی مسێریک زۆر گرنگ بوو، لە بەرژەوەندیی خەڵکی ناوچەکەیە، چونکە مسێریک ئێستا نزیکە لە ژمارەی دانیشتووانی سێمێل.
بڕیارەکە گەیشتووەتە قایمقامییەتی سێمێل و هەموو ئامادەکارییەک بۆ بە ناحییە بوونی ئەو سێ کۆمەڵگەیە کراوە، سێ کەس دەستنیشان کراون بۆ ئەوەی بکرێنە بەڕێوەبەری ناحییەکان لەو سێ کۆمەڵگەیە.
خەلیل مەحموود، قایمقامی سێمێل گوتی: بۆ ڕێکخستنی کارەکانی ئێمە وەکو ئیدارە و نەهێشتنی ڕۆتین، ئەو سێ ناحییە دەکرێنەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی دانیشتووانی کۆمەڵگەی تەناهی 80 هەزار کەس و، ژمارەی دانیشتووانی کۆمەڵگەی مسێریک 36 هەزار کەسن، ژمارەی دانیشتووانی کۆمەڵگەی شاریاش 20 هەزار کەسن.