چەندین پرۆژە لە قایمقامییەت و ناحییەکانی سەر بە پارێزگای دهۆک دەستییان پێکرد

دیمەنێکی شاری دهۆک (وێنە: ستار ئەحمەد - کوردستان24)
دیمەنێکی شاری دهۆک (وێنە: ستار ئەحمەد - کوردستان24)

لەچوارچێوەی بەرنامە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پیشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە قایمقامیەت و ناحییەکانی سەر بە پارێزگای دهۆک، چەندین پرۆژە دەستییان پێکرا و بڕیاڕە لە وادەی دیاریی کراوی خۆیاندا تەواو بکرێن.

پارێزگای دهۆک بڵاوی کردووەتەوە،  بە هەشت ملیار و 200 ملیۆن دینار، چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاریی لە سنووری ناحییەی سیمێل دەست بە جێبەجێکردنیان کراوە، لەوانەش دروستکردنی سایدێکی خزمەتگوزاریی لە سوڕانەوەی بێرێ تاکوو ئۆڤەرپاسی سیمێل لەگەڵ دروستکردنی سەوزایی بە ملیارێک و 800 ملیۆن دینار، هەروەها دروستکردنی شەقامە ناوخۆییەکانی گەڕەکی مسێریکای نوێ بە ملیارێک و 100 ملیۆن دینار.

دووشەممە 26ـی ئابی 2024، پارێزگای دهۆک بڵاوی کردەوە، کاری سەوزکردنی شەقامی سیمێل بەدرێژی 1.900 مەتر بە ملیارێک دینار لەگەڵ دانانی سیستەمی ئاو بۆی جێبەجێ دەکرێت، سەرباری دروستکردنی شەقامە ناوخۆییەکان و ئاوەڕۆیەک لە گەڕەکی شەهیدان بە 900 ملیار دینار، هەروەها دروستکردنی شەقامە ناوخۆییەکانی گەڕەکی پشت پەیمانگە بە 800ملیۆن دینار و دروستکردنی ڕێگە ناوخۆییەکانی گوندی سێجێ قەشەفرێ بە 200 ملیۆن دینار.

پارێزگای دهۆک ئاشکرای کردووە، شەقامی سەرەکی کۆمەڵگەی مەرینا بە 200 ملیۆن دینار دروست دەکرێت لەگەڵ شەقامە ناوخۆییەکانی تەناهی-کەرتی10 ، ئەو پرۆژەیە بە 300 ملیۆن دینار دەکرێت، هاوکات ڕووناکیی شەقامی سەرەکی مسێریکی بە 100 ملیۆن دینار داندرا.

پارێزگاکە ڕایگەیاندووە، شەقامە ناوخۆییەکان و ئاوڕێژ بۆ سەنتەری خانکێ بە 430 ملیۆن دینار دروستکران، لەگەڵ ڕووناککردنەوەی شەقامی سەرەکی کۆمەڵگەی خانکێ بە 350 ملیۆن دینار، سەرباری دروستکردنی شەقامی دەریا لە کۆمەڵگەی خانکێ بە 120 ملیۆن دینار.