هەڵگورد شێخ نەجیب: ڕۆتین کەم بکەنەوە و ڕێز له‌ داواكارییه‌كانی هاووڵاتیان بگرن

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەگەڵ فەرمانگەکانی سنووری قەزای مێرگەسۆر
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەگەڵ فەرمانگەکانی سنووری قەزای مێرگەسۆر

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەگەڵ فەرمانگەکانی سنووری قەزای مێرگەسۆر جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لە فەرمانگەکان ڕۆتین کەم بکەنەوە و ڕێز له‌ داواكارییه‌كانی هاووڵاتیان بگرن.

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڵاوی کردەوە، دووشەممە 26ـی ئابی 2024، هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سەردانی قەزای مێرگەسۆری کرد و لەگەڵ غەفور ئەحمەد مەلاسوار قایمقامی قەزای مێرگەسۆر و بەڕێوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی سنووری قەزای مێرگەسۆر کۆبوویەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوی ئەو ئیدارەیە، لە کۆبوونەوەکەدا غەفور ئەحمەد مەلاسوار قایمقامی قەزای مێرگەسۆر ئاماژه‌ی بە پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان لە قەزای مێرگەسۆر و سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كرد، دواتر هەڵگورد شێخ نەجیب ستایشی هه‌وڵه‌كانی مەلا مستەفا بارزانی کرد کە هەمیشە هاوکار و پاڵپشت بووە بۆ گەیاندنی چەندین پڕۆژەی خزمه‌تگوزاریی گرنگ لە قەزای مێرگەسۆر و ئیدارەی سۆران كه‌ ئەمساڵ جێبەجێ دەکرێن.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی،" ئێمە ئیدارەدانێکی نوێمان داهێناوە، جیاوازیمان نەکردووە لە ئەنجامدانی پڕۆژەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە ماوەی هێنانەکایەی ئیدارەی سۆران، چەندین پڕۆژە چوونەتە بواری جێبەجێکردن و هەموو پڕۆژەکانیش خراونەتە خزمەت هاووڵاتیان، بۆ ئەم مەبەستەش پاڵپشتی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان بۆ ئێمە گرنگ بوو".

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جه‌ختی له‌ گرنگی جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی هاوڵاتیان كرده‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییەکان لە چوارچێوەی پڕۆژە و پلانەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخستنەوەی کارووبارە ئیدارییەکان بە شێوازی ئەکادیمی و زانستیانە و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆتین و رێزگرتن له‌ داواكارییه‌كانی هاووڵاتیان.