کۆنفرانسێکی تایبەت بە ئاوارەی ناوخۆیی و مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەدەچێت

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، کۆنفرانسی ئاوارەبوونی ناوخۆیی و مافەکانی مرۆڤ لە چوارچێوەی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بەڕێوە دەبات.

زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەژین و حکوومەت سەدا 80ـی خەرجیی خزمەتگوزارییەکانیان دابین دەکات، ئامانجی ئەم کۆنفرانسەش سەرنج خستنەسەر دەرفەتەکانی هاوکاریی و پشتگیریکردنە لە بڕگەکانی پەیوەست بە ئاوارە و پەنابەران.

وێڕای ناسەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەرێمی کوردستان پەناگەی ئارامی زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەرە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندیی پێودانگە نێوەدوڵەتییەکان بووە و سەدا 80ـی خەرجیی خزمەتگوزارییەکانی لە ئەستۆی خۆی گرتووە. 

لە درێژەی ئەو هەوڵانەی حکوومەت نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ  کۆنفرانسی ئاوارەبوونی ناوخۆیی و مافەکانی مرۆڤ لە چوارچێوەی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بەرێوەدەبات.

ئامانجی کۆنفرانسەکە، دەستنیشانکردنی ڕێکاری تۆکمه بۆ باشترکردنی پاراستن، بەهێزکردن و یەکخستنی ئاوارەکان، هۆشیاری له مافەکانی ئاوارە و پەنابەران و چوارچێوەی یاساییە پەیوەندیدارەکانە. جگە لەوەش، کۆنفرانسەکە سەرنج دەخاتە سەر دەرفەتەکانی هاوکاریی و پشتگیریی لە بڕگەکانی پەیوەست بە ئاوارە و پەنابەران.

ئێستا لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک 22 هەزار و ئاوارە و پەنابەر هەن، لەو ژمارەیە 723 هەزار و 114یان ئاوارەی ناخۆن و زیاتر لە 279 هەزاریشیان پەنابەرن و کۆی گشتی خێزانەکان 211 هەزار و 984 خێزانە

دابەشبوونی پەنابەران بەو شێوەیەیە،  260 هەزار 594 پەنابەری سووری، 7 هەزار و 972 پەنابەری تورکی، 8 هەزار و 653 پەنابەری ئێرانی، 863 پەنابەری فەڵەستینی و 10 هەزار و 93شیان پەنابەری وڵاتانی دیکە هەن.

ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، سەدا 30ـیان لە نێو کەمپەکان و سەدا 70ـیان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، کۆی گشتی ژمارەی کەمپەکانیش 33 کەمپە. سەبارەت بە دابەشبوونی ئاوارە و پەنابەرانیش سەدا 41ـیان لە پارێزگای هەولێرە، سەدا 40ـیان لە پاریزگای دهۆک و سەدا 19 شیان لە پارێزگای سلێمانی دەژین.

لەبارەی  پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە ئاوارە و پەنابەران، نزیکەی سەدا 80ـی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش کراون لەسەر بوودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابین کراوە و لە ماوەی ڕابردوودا ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هاریکارییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.  بودجەی پێویستی ساڵانەش بۆ دابنیکردنی خزمەتگوازرییە سەرەتاییەکان 938 ملیۆن دۆلارە.