پارێزگاری سلێمانی: سەرجەم کەمپەکانی ئاوارەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی داخران

پاریزگاری سلێمانی لە کۆنفرانسی ئاوارەبوونی ناوخۆیی و مافەکانی مرۆڤ لە چوارچێوەی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت: سەرجەم کەمپەکانی ئاوارەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی داخران. هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی ئاوارە و پەنابەران دەکرا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان خستبوویە سەر شانی خۆی.
سێشەممە، 27ـی ئابی 2024، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەمیانی کۆنفرانسی ئاوارەبوونی ناوخۆیی و مافەکانی مرۆڤ لە چوارچێوەی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ گوتی: دوای هێرشەکانی داعش لە ساڵی 2014، 251 هەزار 949 کەس کە دەیکردە 50 هەزار و 213 خێزان، پەنایان بۆ پارێزگای سلێمانی هێنا، ئێستە سەرجەم کەمپەکانی عەربەت، ئاشتی، سوورداش، بەرزنجە، قۆرەتوو، تازە دێ داخراون، بەو شێوەیە ئاوارە لەنێو کەمپەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان نەماون.
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت: لە دەرەوەی کەمپەکان تا ئێستە 126 هەزار و 474 ئاوارە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەژین.
گوتی: ماوەی چەند ساڵێکە حکوومەتی فیدراڵی و زۆرێک لە ڕێکخراوەکان بە ئامانجی گەڕانەوەی ناچاریی، هەموو پشتیوانی و کۆمەك و خزمەتگوزارییەکیان لە کەمپ و دەرەوەی کەمپەکان ڕاگرتووە، هەموو ئەرکە مرۆیی و تەندروستیی و پەروەردەییەکان و ئارامی و پێداویستییەکانی وەکو ئاو و ئاوەڕۆ و خۆڵ و خاشاک و کارەبا و سووتەمەنی و خوێندن، کەوتووەتە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
هەڤاڵ ئەبووبەکر گوتی: هەرچەند بڕیار بوو وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی فیدراڵی بەشێکی کەمی ئەو بوودجەیەی لە ساڵی 2014 بۆ سنووری سلێمانی دیاریی کردبوو بۆ بەهاناوەچوونی ئاوارەکان لەبەردەستی پارێزگادا بێت بۆ ئەوەی بۆ ئەو گەڕەک و شوێنانە خەرج بکرێت کە ئاوارەکان لە دەرەوەی کەمپەکان لەنێو خەڵکی خانەخوێ نیشتەجێبوون، تا ئەمڕۆ ئەو بڕیاڕە جێبەجێ نەکراوە، لە کاتێکدا تا هەنووکەش بە دەیان هەزار ئاوارە و پەنابەر لە دەرەوەی کەمپەکان ماونەتەوە و ژیان دەکەن.
دەشڵێت: ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە، بە خواستی خۆیان گەڕاونەتەوە نەوەک بە زۆرە ملێ.
ئاماژەی بەوەش کرد کە خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیاوە لەسەر خاکی خۆیان ئاوارە دەبن. گوتیشی: ڕۆژانە بەدرێژایی سنوور لە قەندیلەوە بۆ گەرمک، خەڵکی کوردستان ڕەز و باخ و بێستانەکانیان بەهۆی بۆردوومانەکانەوە دەسووتێت و ماڵیان وێران دەکرێت، بۆیە پێویستە ڕێکخراوەکان لەسەر ئەو پرسە بەهانای ئەو خەڵکەوە بێن، هاوکات فشار بخەنە سەر ئەو دوو لایەنە ناکۆکە کە هەرێمی کوردستان نەکەنە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێکانیان.
پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند "کەمپی نوێ لە سوورداش لەسەر بڕیاری حکوومەتی فیدراڵی بۆ پەنابەرانی سیاسیی دەکرێتەوە؛ پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بایەخەوە لە ئاوارە ناوخۆییەکان و دۆخی پەنابەران بڕوانێت".
سێشەممە 27ـی ئابی 2024، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە شاری هەولێر، کۆنفرانسی ئاوارەبوونی ناوخۆیی و مافەکانی مرۆڤ لە چوارچێوەی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤی ڕێکخست.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک 22 هەزار و ئاوارە و پەنابەر هەن، لەو ژمارەیە 723 هەزار و 114یان ئاوارەی ناخۆن و زیاتر لە 279 هەزاریشیان پەنابەرن و کۆی گشتی خێزانەکان 211 هەزار و 984 خێزانە
دابەشبوونی پەنابەران بەو شێوەیەیە، 260 هەزار 594 پەنابەری سووری، 7 هەزار و 972 پەنابەری تورکی، 8 هەزار و 653 پەنابەری ئێرانی، 863 پەنابەری فەڵەستینی و 10 هەزار و 93شیان پەنابەری وڵاتانی دیکە هەن.
ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە، سەدا 30ـیان لە نێو کەمپەکان و سەدا 70ـیان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، کۆی گشتی ژمارەی کەمپەکانیش 33 کەمپە. سەبارەت بە دابەشبوونی ئاوارە و پەنابەرانیش سەدا 41ـیان لە پارێزگای هەولێرە، سەدا 40ـیان لە پاریزگای دهۆک و سەدا 19 شیان لە پارێزگای سلێمانی دەژین.