خەسرۆ ئیسماعیل: 700 داواکاری بۆدروستکردنی خانوو لەسەر زەوی سندوقی پەسەند کراوە

سەرۆکی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی 1500 داواکاری زەویی سندووقی وەرگیراوە، دەشڵێ: لە کۆی گشتی ئەو داواکارییانە 700 داواکاری جێ بەجێ کراوە و مۆڵەتیان پێدراوە.

خەسرۆ ئیسماعیل، سەرۆکی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کێشەکانی زەویی سندووقی چەندین ساڵ بوو بە هەڵپەسێردراوی مابووەوە و چارە نەکرابوو، بەڵام دوای ئەوەی سەرپەرشتی ئیدارەی سۆران، پارێزگاری هەولێر و وەزیری ناوخۆ، پێشنیارییان بۆ کە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کرد تاوەکو کێشەکە چارە بکرێت، بەخۆشحاڵیەوە سەرۆکوەزیران ڕەزامەندی دا کە چارەی زەویی سندوقی بکات.

گوتیشی: ئەو زەویە سندوقییانە چەندین ساڵە لەلایەن هاووڵاتیانەوە دەستاودەستی پێ دەکرێت و کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، هەروەها مەرج دانراوە بۆ ئەوەی ئەو زەوییانە مۆڵەتیان پێ بدرێت یان بەناو بکرێن، دەبێت زەوییە سندوقیەکە دوو لای یان سێ لای خانوو بێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت چارە بکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا نزیکەی 1500 داواکاری وەرگیراوە، دەشڵێ: لە کۆی گشتی ئەو داواکارییانە 700 داواکاری جێ بەجێ کراوە و مۆڵەتیان پێ دراوە، دەشتوانرێت لەسەریان تاپۆ بکرێت.

خەسرۆ ئیسماعیل باسی لەوەش کرد، هەنگاوەکەی سەرۆکوەزیران، زۆر گرنگ بوو، کە بەشێکی زۆری کێشەکانی چارە کرد. هەروەها سەرپێچیکردن بۆ سەر موڵکی شارەوانیشی کەم کردەوە. بەگوێرەی ئەو ڕێپێدانانە هاووڵاتیان دەتوانن مۆڵەتی دروستکردنی خانوو وەربگرن.

سەرۆکی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕوونیشی کردەوە، مەرجەکان بریتییە لەوەی، دەبێت ئەو زەویانە دەستاودەستیان پێ کرابێت، هەروەها دوو یان سێ لای خانوو بێت، ئینجا مۆڵەتی پێ دەدرێت.

 

Fly Erbil Advertisment