وەزارەتی ناوخۆ لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ئاگرەکەی پەروێزخان دروست دەکات
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاگرەکەی دەروازەی سنووری پەروێزخان دروست دەکات.
سێشەممە 27ـی ئابی 2024، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی وزاری لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان دروست کرد.
وەزیری ناوخۆ لە فەرمانەکە ئاماژە بەوە دەکات "بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێی دراوە لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ بەژمارە 6 لە ساڵی 2009 دا، بڕیاری پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان دا. لێژنەکە پێک هاتووە لە عەمید موفید عەلی شوکر، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی گەرمیان، عەمید حوسێن شێرزاد سۆز عەلی، نوێنەری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، عەمید ئەحمەد عەبدوڵڵا محەمەد، نوێنەری دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، عەقید سۆران محەمەد غەریب، نوێنەری پۆلیسی گەرمیان، نەقیب ئەحمەد حەمەد حوسێن، بەرگریی شارستانیی گەرمیان لە پەروێزخان".
دووشەممە 26ـی ئابی 2024، لە گۆڕەپانی وەستانی بارهەڵگرەکانی سووتەمەنی لە دەروازەی سنووری پەروێز خان، ئاگرێک کەوتەوە و بەهۆیەوە 17 بارهەڵگری سووتەمەنی سووتان، لە ئەنجامی ئەو ئاگرکەوتنەوەیەش شوفێرێک گیانی سپارد و حەوت کەسیش بریندار بوون.
