جۆن کێربی ڕەتی دەکاتەوە دانوستانەکانی ئاگربەستی غەززە شکستیان هێنابێت

جۆن کێربی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا ڕەتی دەکاتەوە دانوستانەکانی ئاگربەستی غەززە شکستیان هێنابێت و دەڵێت: هیچ کاریگەرییەکی خراپ لەسەر دانوستانەکان نییە و بەرەوپێشچوون هەیە، هەریەک لە سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەر لە تاران ئاشکرایان کرد، هەر مەرج و پێشنیازێک حەماس سەبارەت بە ئاگربەستی غەززە هەیبێت، پێشوازیی لێ دەکەن.

سەرەڕای ئەوەی چەند سەرچاوەیەکی ئەمنیی میسر ئاشکرایان کرد "کۆتا گەڕی دانوستانەکانی تایبەت بە ئاگربەستی غەززە لە قاهیرە شکستی هێنا". بەڵام جۆن کێربی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا ڕەتی دەکاتەوە.

جۆن کێربی، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا ڕایگەیاند "هیچ کاریگەرییەک لەسەر دانوستانەکانی قاهیرە نییە. دڵخۆشین بە ئەنجامەکان، تیمەکانیشمان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان و گفتوگۆکان، هەروەها بەردەوامیش بەرەوپێشچوون هەیە و گفتوگۆکانیش بە بنیاتنەر وەسف دەکەن".

محەممەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئال سانی، وەزیری دەرەوەی قەتەریش بە مەبەستی گفتوگۆکردن سەبارەت بە ئاگربەستی غەززە لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە، هەردوولا داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، هەموو پێکەوە کار بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە بکەن.

پێشتریش عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوەدا، سەبارەت بە ئاگربەست، هەر مەرج و داواکارییەک حەماس هەیبێت پیشوازیی لێ دەکەن.

سەرەکیترین ئەو مەرجانەشی حەماس هەیەتی بریتییە لە، ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی و کشانەوەی هەموو سوپای ئیسرائیل لە غەززە، ئەو مەرجانەش لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕەت کراونەتەوە.