به‌رنامه‌ی باسی ڕۆژ تاوتوێی دزیی سه‌ده ده‌كات

دزی سه‌ده یه‌كێكه له گه‌نده‌ڵییه گه‌وره‌كان له عێراق، بڕیار بوو ئه‌مڕۆ نوور زوهێر كه‌سیی یه‌كه‌می ئه‌و دزییه گه‌وره‌یه دادگه‌یی بكرێت، به‌ڵام به‌هۆی ڕووداوێكی هاتووچۆی گوماناوییه‌وه له لوبنان، دادگه‌ییه‌كه دواخرا، به‌رنامه‌ی باسی ڕۆژ كه له لایه‌ن ژینۆ محه‌ممه‌د له كوردستان24 پێشكه‌ش ده‌كرێت، بۆ تاوتوێكردنی ئه‌م پرسه، میوانداری ئه‌مینداری گشتیی حزبی ئوممه و پسپۆڕی یاسایی و ده‌ستپاكی كردووه.
له سه‌ره‌تادا مه‌حموود عگێلی، ئه‌مینداری گشتیی حزبی ئوممه ئاماژه‌ی به‌وه كرد، عێراق دووچاری كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی گه‌نده‌ڵی بووه‌ته‌وه و به به‌رنامه پاره له‌و وڵاته ده‌دزرێت و دزیش ئازادانه ده‌سووڕێته‌وه، دۆسیه‌ی دزی سه‌ده، دۆسیه‌یه‌كی جێگه‌ی شه‌رمه و له‌به‌ر چاوی هه‌موو عێراق و دنیادا گرووپێكی ڕاهێنراو، گه‌وره‌ترین تاڵانی سامانی گه‌لی عێراق ده‌كه‌ن.
مه‌حموود عگێلی باسی له‌وه‌ش كرد، دۆسیه‌ی دادگه‌ییكردن و دادگه‌یینه‌كردنی نوور زوهێر نه‌ك گومان هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵكوو سه‌تا سه‌ت حه‌قیقه‌ته و هیچ دوودڵییه‌كی تێدا نییه و ئه‌م كه‌سه باڵ و لایه‌نی سیاسی له پشته و به ته‌نیا نییه، زوهێر به ته‌نیا نییه كه پاڵپشتی سیاسی هه‌یه، به‌ڵكوو ئه‌وانی دیكه‌یش وه‌كوو گرووپ له‌گه‌ڵ لایه‌ن و كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان ئه‌م یارییه به سامانی عێراق ده‌كه‌ن.
له لای خۆیه‌وه موشیر ڕه‌شید، پسپۆڕی یاسایی و ده‌ستپاكی هێمای بۆ ئه‌وه كرد، هۆكاری گه‌نده‌ڵی له عێراق نه‌بوونی سه‌روه‌ریی یاسا و لاوازی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و لاوازی ئیراده‌ی سیاسی و لاوازی ده‌زگه و ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاتی چاودێرییه. به بۆچوونی ناوبراو، ده‌ستوه‌ردان له دۆسیه‌ی دزی سه‌ده هه‌یه و به ئاسانی ڕێگه به دادگه‌ییكردنی تاوانبارانی ناكرێت.
موشیر ڕه‌شید باسی له‌وه‌ش كرد، نوور زوهێر له لایه‌ن زۆربه‌ی سه‌ركرده سیاسییه‌كانی عێراقه‌وه پشتگیری ده‌كات، بۆیه تا ئێسته دادگه له به‌رانبه‌ری ده‌سته‌وسانه و ناتوانێت ڕێكاری به‌رانبه‌ر بكات، ته‌نانه‌ت به‌م تاوانه‌وه گه‌وره‌وه به كه‌فاله‌ت ئازادی كردووه. زوهێر مێدیای له پشته و دامه‌زراوه‌كان پشتگیری لێ ده‌كه‌ن.
مه‌حموود عگێلی ڕوونیشی كرده‌وه، دزی سه‌ده و هاوشێوه‌كانی له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2003ـوه له‌لایه‌ن هێز و سه‌ركرده سیاسییه‌كانی عێراقه‌وه ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه و هه‌مووان به‌رانبه‌ر ئه‌و جۆره تاڵانكارییانه به‌ڵێنی بێده‌نگیان به یه‌كدی داوه، به‌ڵام له به‌رانبه‌ردا هه‌ر ڕۆژه و به پاساوێك مووچه‌ی ڕۆڵه‌كانی كوردستان ده‌بڕن و ناینێرن و هه‌ر جاره و به بیانوویه‌كی بێبنه‌مایش نه‌وته‌كه‌ی ڕاده‌گرن و به شێوازی جیا جیا ڕێگری له پێشكه‌وتنه‌كانی ده‌كه‌ن.
لە ئۆکتۆبەری 2022، دوای ئه‌وه‌ی بانكی ڕافیده‌ین دزینی سێ ترلیۆن و 700 ملیار دیناری له هه‌ژماری ده‌سته‌ی گشتی باج سەلماند، دادگه‌ی کەرخ لە بەغدا فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ تۆمه‌تبارانی ئه‌و دۆسیەیە ده‌ركرد.
رۆژی 1ـی شوباتی 2023، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەڕاندنەوەی 80 ملیۆن دۆلاری ئەو بڕە پارەیەی لە دۆسیەی دزیی سەدە لە هه‌ژماری ده‌سته‌ی گشتی باج دزرا بوو، ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەش کرد ئەوە قۆناغی یەکەمە بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو بڕە پارەیە بۆ خەزێنەی گشتی وڵات.
ڕۆژی چوارشه‌ممه 31ـی ته‌ممووزی 2024، ده‌سته‌ی دەستپاکیی فیدراڵی ڕایگه‌یاند "بە هاوکاریی هه‌ردوو وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی و وەزارەتی ناوخۆی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە تۆمەتباره گه‌وره‌كان کە تۆمەتبارە بە دزینی پارەی پێشەکی باج، کە لە مێدیاکان بە "دزیی سەدە" ناسراوە، ده‌ستگیر كراوه و ڕاده‌ستی ده‌سته‌كه كراوه".
هەینی، 15ـی ئاداری 2024، دادوەر حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند: دۆسیەی نوور زوهێر، کە تۆمەتباری سەرەکییە لە دۆسیەی دزیی سەدە لە قۆناغی کۆتایی دادگه‌دایە و 30 تۆمەتباری دیکەش لێکۆڵینەوە لە بارەیانەوە دەکرێت کە ڕۆڵیان لەو گەندەڵییە هەبووە.
حەنوون ئاشکراشی کرد "بەشێک لە تۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە بەرپرسانی کابینەی پێشووی حکوومەتی عێراقیش لە خۆ دەگرێت و بەشێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیر کراون و هەندێکیشیان هەڵاتوون بۆ دەرەوەی وڵات".
هاوکات سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد "لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی هەموو لایەنەکانی پەیوەندیدار بەو گەندەڵییە".