هاووڵاتییەک ئۆتۆمبێلێکی دروستکردووە و داوای تابلۆی فەرمی دەکات

هاووڵاتییەکی خەڵکی باشووری کوردستان، دانیشتووی گوندی بیۆکەی لە شارۆچکەی بەردەڕەش لە سنووری پارێزگای دهۆک ئۆتۆمبێلێک لەسەر شێوەی کلاسیک دروستکردووە و داواکارە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تابلۆیەک پێ بدات بۆ ئەوەی بە فەرمی هاتوچۆی پێ بکات.

ئەو هاووڵاتییە ناوی تەیموور ئیسماعیلە و پیشەی مەڕدارە و وەک خۆی باسی دەکات لە ناوچەکە بە وەستا تەیموور ناسراوە و ناوبانگی دەرکردووە.

وەستا تەیموور لە بارەی ئەو ئۆتۆمبیلەی بۆ کوردستان24 گوتی: چەندین ساڵ حەوز و خولیام هەیە بۆ ئەوەی ئۆتۆمێلێک دروست بکەم، دواجار لەگەڵ منداڵەکانم دوای پێنج مانگ سەرقاڵی و کارکردن توانیومانە ئۆتۆمبیلێک دروست بکەین.

بە گوتەی خۆی شێوەی ئۆتۆمبێلەکەی لە وێنەیەکەوە وەرگرتووە کە هاوشێوەی Jeep مۆدێل 1950 دروستکردووەتەوە و جگە لە گێر و مەکینە، 70%ی بۆدی و بەشەکانی دیکەی ئۆتۆمبێلە کاری دەستییە و خۆیی و منداڵەکانی دروستییان کردووە.

وەستا تەیموور دەشڵێت: بە ئۆتۆمبێلەکەم زۆر دڵخۆش و ئاسوودەم و هەموو کارێکی خۆمی پێڕادەپەڕێنم، داواکاریشم حکوومەت تابلۆی فەرمیم پێبدات.