دیندار زێباری: حکوومەت پەناگەیەکی ئارامی بۆ ئاوارەکان دابینکردووە

دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردەنێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردەنێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

ڕێکخەری ڕاسپاردەنێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: ئالەنگاریی زۆر هەن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، لەوانەش نەبوونی خزمەتگوزاریی و بوونی هێزی دەرەکیی.

لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێکی تایبەت بە ئاوارەی ناوخۆیی و مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردەنێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی  ڕایگەیاند: لە کۆنفرانسەکەدا  باس لە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران دەکەین، لەگەڵ ئەو ئاستەنگانەی دێتە بەردەمیان  لە پرسی گەڕانەوەیان، دەڵێت: لە پانێلەکانی ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکە ئەو ئاستەنگانە دیاریکران کە بوونەتە ڕێگر لە گەڕانەوەی ئاوارەکان، لەوانە ئاستەنگی یاسایی، هاوکات هەندێک لەو کەسانەی کە تاوانبارن و تۆمەتیان ئاڕاستەکراوە، یاخود سزادراون و گەڕانەوەیان بۆ عێراق کێشە دروست دەکات، هاوکات هەماهەنگیی یاسایی.

زێباری دەڵێت: لەگەڵ ئەوەش ئالەنگاریی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانە کە بەردەست نییە تا ئێستا لەو ناوچانەی ئاوارەکان لێوەی هاتوون، ئەوەی دیکەش ئالەنگاریی بوونی هێزی دەرەکییە  و ئەو میلیشیایانەی لە دەرەوەی یاسان کە لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراقن، لە شنگال و ناوچەکە هەن، هاوکات نەبوونی دەسەڵاتی شەرعییە لەو ناوچانە.

ئەو گوتانەی دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەچوارچێوەی کۆنفرانسێکی تایبەت بە ئاوارەی ناوخۆیی و مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر هات کە دوێنێ بەهاوکاریی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ  دەستی بەکارەکانی کرد و ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت.

سێشەممە 27ـی ئابی 2024، پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە دهۆک، بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، سەدا حەفتای ئاوارەکانی شنگال، دوای 10  ساڵ، هێشتا ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان. دەڵێت: جینۆسایدکردنی شنگالییەکان بەردەوامە لە کاتێکدا کە ناتوانن بگەڕێنەوە. تا ئێستە دوو هەزار ئێزیدی لە ژێر دەستی داعشدا ماون، جگە لەوانەی ڕزگارکران.

پیر دەیان دەڵێت: خزمەتگوزاریی و ئاسایشی شنگال لەبار نییە بۆ گەڕانەوەی خەڵکەکەی، پێویستە فشار لە حکوومەتی عێراق بکرێت ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکات. هەندێ لایەن ڕێگریی لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە دەکەن. دەشڵێت: خزمەتگوزارییەکانی نێو کەمپەکان لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبەردەم ئاستەنگێکی گەورەی داراییە.  20 کەمپ لە سنووری دهۆک و زاخۆ هەن، مانگانە ملیۆنێک و 830 هەزار دۆلار بۆ خەرجی ئەو کەمپانە پێویستە.