گوژمە بۆ جێبەجێكردنی پێنج پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە ڕانیە خەرج دەكرێت

ڕانیە
ڕانیە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاشکرای دەکات، گوژمەی پێویستیان بۆ جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاریی لە سنووری شارەوانی ڕانیە دابین کردووە.

چوارشەممە 28ـی ئابی 2024، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە چەند فەرمانێكی وەزاریدا ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی پێویست بۆ پێنج پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە سنووری شارەوانیی ڕانیە.

وەزارەتی شارەوانی ڕایدەگەیەنێت: گوژمەی پڕۆژەكان لەسەر ڕێژەی 100%ی فرۆشتنی زەویی ڕوكنی شارەوانیی ڕانیەیە و بەمەبەستی ڕێگاسازیی قیرتاوكردن و كۆنكرێت و بواری دیكەی شارەوانی بەگوێرەی ڕێنمایییەكانی دارایی تایبەت بە داهات خەرج كراوە، بەشێوەیەک گوژمەی 63،602،000دینار بۆ پڕۆژەی دابینكردن و چەسپاندنی بەرزە هێمای نیشاندەر، هەروەها 99،502،000دینار بۆ پڕۆژەی ڕێگاسازی لە چەند كۆڵانێكی گەڕەكی ڕووناكی، سنووری شارەوانیی ڕانیە، لەگەڵ 90،450،000دینار بۆ پڕۆژەی كۆنكرێتكردنی چەند كۆڵانێكی گەڕەكی ڕزگاری لە ناوەندی قەزای ڕانیە.

وەزارەتەکە دەشڵێت: گوژمەی 99،220،000دینار بۆ پڕۆژەی ڕێگاسازی لە چەند كۆڵانێكی گەڕەكی شارەوانی لە ڕانیە و99،390،000 دینار بۆ پڕۆژەی ڕێگاسازی لە چەند كۆڵانێكی گەڕەكی ئاشتی لە سنووری شارەوانیی ڕانیە تەرخانکراوە.