چالاکوانێکی بواری ژینگە: بەراورد بە چەند مانگی ڕابردوو دەتوانین ئاسمانی شینی هەولێر بە تەواوی ببینین

K24 – هەولێر:
دوای گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە و هەوای هەولێر گۆڕان بەسەر ژینگە و کەشوهەوای هەولێردا هاتووە، چالاکوانێکی بواری ژینگە دەڵێن: ئێستە بەراورد بە چەند مانگی ڕابردوو دەتوانین ئاسمانی شینی هەولێر بەتەواوی ببینین.
بەراورد بە ماوەکانی ڕابردوو کەشوهەوای هەولێر پاکترە، ئەمەش دوای هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گرتنەبەری چەند ڕێکارێکی پێویست بەرنبەر ئەو شوێنانەی مایەی پیسبوونی ژینگە و هەوای شاری هەولێر بوون.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەو بڕیارانەی کە دراون بە هیچ شێوەیەک سازشی لەسەر ناکەن، ژمارەیەک ڕێکاری زۆر باش لە پاڵاوگە، کارگە و مۆلیدەکانی گەڕەک گیراونەتەبەر، هەروەها پارێزگاریی لە ژینگەی هەولێر پارێزگاریکردنە لە هەموو هاووڵاتییانی شارەکە".
گوتیشی: دوای گرتەبەری ڕێکارەکان تا ڕادەیەکی زۆر باش هەست بە گۆڕانەکان دەکەین لە ژینگەی هەولێر.
بەپێی پێوەری (ئەی کیو ئاڕ)، ڕادەی پیسی هەوا ئەگەر ڕێژەکەی لەنێوان ژمارە یەک بۆ 50 بوو گونجاوە، بەڵام لە ژمارە 51 بۆ 100 بوو مامناوەندە، لە 101 بۆ 150 گونجاو نییە بۆ ئەوانەی هەستیاریان هەیە، بە تایبەتی ئەوانەی نەخۆشی هەناسەتەنگیان هەیە، لە 151 بۆ 200 نا تەندروستە و پێویستە دەمامک بەکاربهێنرێت و گونجاو نییە بۆ ژیان.
لای خۆیەوە ڕۆژگار موحسین، چالاکوانێکی بواری ژینگە، دەڵێت: ئەو دووکەڵەی کە پاڵاوگەکان دەریان دەدا هەموو ژەهر بوون، کاریگەریی لەسەر ژینگەی هەولێر کردبوو و، کاریگەریشی هەبوو لەسەر دۆخی تەندروستیی دانیشتووان، بەڵام ئەم چەند ڕۆژە هەستمان بەوە کردووە کە ژینگەی هەولێر بەراورد بە ڕابردوو پاکترە و دەتوانین ئاسمانی شارەکە ببینین بە شێوەیەکی پاکتر.