مونا قەهوەچی: مەسرور بارزانی هەڵگری مەشخەڵی چاکسازییە
![مونا قەهوەچی، سکرتێری خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و جێگری پارتی چاکسازیی تورکمان](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/Aug-2024/1724910290geran copy.jpg)
جێگری پارتی چاکسازیی تورکمان دەڵێت: ئەوانەی دژی چاکسازییەکان دەنگیان بەرز دەبێتەوە کە لە بەرژەوەندییەکانیان دراوە.
مونا قەهوەچی، سکرتێری خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و جێگری پارتی چاکسازیی تورکمان دەڵێت: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەڵگری مەشخەڵی چاکسازییە، بۆیە ئێستا هەر دەنگی ئەوانە دێت کە چاکسازییەکە لە بەرژەوەندی داون.
مونا قەهوەچی گوتی: ئەوەی لە سۆشیالمێدیا دەگوزەرێت، لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێكی سیاسیی کوردستانیدا نییە، ئەوەی ئەو بانگەشەیە دەکات، پرۆسەی هەڵبژاردن ناشرین دەکات، چونکە ئەو لایەنەی بانگەشە خراپەکە دەکات، متمانەی بە کابینەکە داوە و ئەندامێکی کارا و جێگری سەرۆکوەزیرانیان وەرگرتووە و لەگەڵ وەزیرەکانیان کە لەنێو ئەنجوومەنی وەزیراندان. ئەو لایەنە کە بانگەشە دەکات کابینەکە لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا نەبووە و وشەی نەشیاو بەکار دەهێنێت، لێدانە لە پێگەکەی خۆی، نەوەک لێدان لە کابینەکە.
سێشەممە، 27-08-2024، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی "هەڵوێستى نەیارانە و قین لە دڵانە و چەواشەکارى و هەواڵى بێ بنەما"ـی بەشێک لە بەرپرس و مێدیاکانى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە دژی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە.
مەسرور بارزانى، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "کار و هەڵوێست و بۆچوون و سیاسەتەکانى لە حوکمڕانى و کارى سیاسیدا لە چوارچێوەى بەرنامە و هەڵوێستى پارتى دیموکراتى کوردستانە و هەر جۆرە تەجاوزێک بۆ سەر کەسێتىی مەسرور بارزانى، بەلاى پارتى و پارتییەکانەوە تەجاوزە بۆ سەر سەرجەم پارتییەکان و جەماوەرى بەهەڵوێستى پارتى".
مەحموود محەممەد دەڵێت: ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان، بۆ ڕاى گشتى و خەڵکى خۆشەویستى کوردستان دووپاتى دەکەینەوە، نووسەران و هاندەرانى پشت ئەو ڕاگەیاندراوەى یەکێتى، لە ڕوانگەى دۆخى باڵباڵێنى ناو خودى خۆیانەوە، دەیانەوێت وێناى پارتیمان بکەن! پارتیمان خاوەن ڕێبازێکى ڕاست و دروست و خاوەن ڕابەر و مەرجەعێکە کە سەرۆک (مەسعود بارزانى)یە و هەموومان ڕێبوار و خەباتگێڕى ڕێبازى بارزانین و لە سایە و چەترى جەنابى سەرۆک بارزانیدا بۆ یەک ئامانج و یەک ڕێباز تێدەکۆشین".