دوو مووچەی هێزە ئەمنییەکان دەنێردرێت؛ شاندی هەرێمیش دوو کۆبوونەوەی لە بەغدا دەبێت
بڕیارە ئەمڕۆ مووچەی هەردوو مانگی تەمموز و ئابی هێزە ئەمنییەکان، بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی. شاندی هەرێمی کوردستانیش لە بەغدا؛ دوو کۆبوونەوەی گرنگی دەبێت.
شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی هەردوو مانگی تەمموز و ئاب (حەوت و هەشت)ـی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 30 ڕۆژە لیستی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکانی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، بەڵام تاوەکوو ئێستە وەزارەتی دارایی عێراق تەنها 36 ملیار دیناری بۆ مووچەی ئەو مانگە خەرج کردووە.
جیا لەمەش، ڕۆژی سێشەممە، 27-08-2024، وەزارەتی دارایی عێراق نزیکەی 550 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی مەدەنیی هەرێمی کوردستان خەرج کرد، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی ئەو مانگەی ڕەوانەی بەغدا نەکردووە.
پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد "ئەگەر هەیە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق گوژمەیەکی دیکەی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان خەرج بکات؛ جیا لە خەرجکردنی دوو مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان".
تاوەکوو ئێستا وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی زیادکردنی ئەو بڕە پارەیەی بۆ سەر هەژمارە بانکییەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق ڕانەگەیاندووە و وەزارەتی دارایی عێراقیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە، لەبارەی ئەوەی، بۆچی بەشێکی مووچەی مانگی ئابی خەرج کردووە، لە کاتێکدا لیستەکەیان بۆ نەچووە.
کۆبوونەوەکانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا
ماوەی چەند ڕۆژێکە شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی مووچەی فەرمانبەر و هێزە ئەمنییەکان و چەند پرسێکی دیکە لە بەغدایە؛ بڕیاریشە ئەمڕۆ دوو کۆبوونەوەی گرنگی هەبێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، کۆبوونەوەی یەکەمی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە پێنج بەڕێوەبەری گشتی پێک دێت؛ لەگەڵ دیوانی چاودێریی عێراق دەبێت.
کۆبوونەوەی دووەمیشی، وەکو ئەوەی پەیامنێری کوردستان24 ڕوونی کردەوە، بڕیارە لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی بێت کە فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراقیش تێیدا بەشدار دەبێت. جەباری گوتی: سەرۆکوەزیرانی عێراق درەنگانی شەوی ڕابردوو (28-08-2004) فوئاد حوسێنی ڕاسپاردووە سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکە بکات.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئامانجی هەردوو کۆبوونەوەکە، چارەکردنی کێشەی مانگانەی فەرمانبەرانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانە بە شێوەی یەکجارەکی، بۆ ئەوەی چی دیکە دوانەخرێت و لە کاتی خۆیدا دابەش بکرێت.
"پرسی مووچە بە سیاسیی کراوە"
بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق بەرامبەر بە مووچەی فەرمانبەر و هێزە ئەمنییەکانی هەرێم دەیکات، "برسیکردنی خەڵکە و مەرامی سیاسیی لە پشتە" چونکە وەکوو خۆیان دەڵێن، هەموو پابەندییەکانیان لە بەرانبەر وەزارەتی دارایی فیدراڵ جێبەجێ کردووە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.
بە گوێرەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان رادەستى حکومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەکات.