چەند باڵەخانەیەکی تایبەت کراوە بە بەشە ناوخۆیی بۆ قوتابیانی زانکۆی سۆران

لە سۆران 28 باڵەخانەی تایبەت بۆ بەشە ناوخۆییەکان بۆ قوتابیانی زانکۆی سۆران تەرخان کراوە، کە سەرجەمیان مەرجەکانی سەلامەتی و تەندروستییان تێدا جێبەجێ کراون.

لە هەر باڵەخانەیەک دەبێ چواردە مەرجی سەرەکیی هەبێ بۆ سەلامەتی و ئەو باڵەخانەی مەرجەکانی تێدا نەبووە ڕەت کراونەتەوە.

ڕەوەند هاودیان، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئێمە ناتوانین بڵێین سیستەم و مەرجەکانی سەلامەتیمان بە شێوەی ستاندارد داناوە، بەڵام ئێمە خۆمان گونجاندووە تاکوو لە تواناماندا بێت بتوانین مەرجەکانی سەلامەتی دابنێین، چونکە ئەو باڵەخانانە پێشتر دروستکراون بەدەرن لە ڕێنماییەکانی ئێمە، هەوڵ دەدەین بە هەموو توانایەکمانەوە هەموو مەرج و ڕێنماییەکان بەشێوەیەکی ستاندارد دابنێین.

لای خۆیەوە ڕزگار سەعید، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران بۆ کاروباری قوتابیان، دەڵێت: هیچ سازشێکمان نەکردووە لەسەر مەرجەکان، بە هاوکاری و هەماهەنگی لە 13/6وە تاکو ئیستە ئێمە بەردەوام بووین لەسەر بەدواداچوونێکی وردمان کردووە بۆ سەرجەم باڵەخانەکان.

دەشڵێت: سەرجەم بالەخانەکان مەرجەکانیان تێدا جێبەجێ کراوە، قوتابیانیش لەلای ئێمە جێی بایەخن دڵنیاشم بۆ لەمەودوا هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو ڕوو نادات و هەر ڕووداوێکیش ڕوو بدات ڕەنگە مەترسییەکەی %1  بۆ 5% بێت، چونکە هەموو مەرجەکلانی سەلامەتی و تەندروستی تێدا جێبەجێ کراوە.

سیستەمی ئاوپڕژێنی ئۆتۆماتیکى و دانانی سۆندە و بەکرەی ئاگرکوژێنەوە و ئامێری هەواگۆڕکێ، لەو مەرجانەن دەبێ باڵەخانەکانی تایبەت بە بەشەناوخۆییەکان پابەندی بن. پێشتر، بەرگریی شارستانیی سۆران و سەرۆکایەتیی زانکۆ چواردە مەرجی سەلامەتیان بۆ ئەو باڵەخانانە دەست نیشان کردبوو .