شەپۆلێکی ڕەخنە ئاراستەی حکوومەت و وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کرا

هاواری ئاوارە عێراقییەکان لە کەمپی بزیبز لە پارێزگای ئەنباری عێراق، سۆشیالمێدیا و ماڵپەڕەکانی تەنیوە، شەپۆلێکی ڕەخنە ئاراستەی حکوومەتی عێراق و وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کرا، ئەوەش بەهۆی پشتگوێخستنی پرسی ئەو ئاوارانە لە نەبوونی پێداویستییە سەرەتایییەکانیان بۆ ژیان.
لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، چالاکوانان و بلۆگەرە عێراقییەکان لە ناو کەمپی بزەیبزەوە ڤیدیۆ کلیپیان بڵاو کردەوە، کە تا ئێستاش چەندان خێزان نیشتەجێی ئەو کەمپەن، بەڵام بەهۆی کۆنترۆڵکردنی هەندێک کوتلەی چەکداری لە عوەیسات، نەیانتوانی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان ناوچەی ئەنبار و جورفئەلسەخەر لە بابل.
لە ناو خيوەتەکەی لە کەمپی بزیبزی عێراق، یەکێک لە ئاوارەکان لە دۆخێکی ناخۆشدا دەرکەوت، گلەیی لە بارودۆخی خۆی دەکرد، چەند قسەیەکی ئاڕاستەی ئیڤان جابر، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کرد و گوتی: مەلەفی ئاوارەکان پشتگوێ خراون.
ئەوەشی خستەڕوو کە وەزیری کۆچ و کۆچبەران هیچ بەدواداچوونی بۆ بارودۆخی ئاوارەکان نەکردووە؛ جگە لەوەش تەنها حەوت هەشت مانگ جارێک هاوکارییان پێ دەگات. ئاماژەی بەوەش دا، وەزیر بەڵێنی پێداون مووەلیدەی کارەبا و فێنککەرەوەیان بۆ دابین بکات، بەڵام هیچیان نەدیوە.
ئەو ئاوارە دەڵێت: داوا لە وەزیر دەکەم لەگەڵ منداڵەکانی بێتە کەمپەکە و بۆ ئەوەی تەنها یەک کاتژمێر لەناو چادرەکەدا بمێننەوە، تاکوو ئەو گەرما کوشندە لەناو چادرەکە ببینن.
هەروەها ئەو ئاوارەیە پرسیارێکی ئاراستە کرد، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران چی دەکات؟ کار و دەستکەوت و فایلەکانی چین؟