خێزانی بارمتە ئیسرائیلییەکان: ناتانیاهۆ یەک دەرفەت لەدەست نادات بۆ تێکدانی ئاگربەست
بنەماڵەی بارمتە ئیسرائیلییەکان ڕەخنەیان لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرت، دوای ئەوەی کابینەی حکوومەت دەنگی دا بۆ پشتیوانی لە داواکارییەکەی سوپا بە درێژایی ڕێڕەوی فیلادلفیا تاکوو بە جێگیری بمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر ڕێککەوتنیش بکرێت.
خێزانە بارمتەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند: نزیکەی ساڵێکە داواکارییەکانیان پشتگوێ خراون و بارمتەکان تاکو ئێستە نەگەراونەتەوە بۆ ماڵەکانیان، هەروەها نەتانیاهۆ یەک دەرفەت لەدەست نادات بۆ تێکدانی ڕێککەوتنەکان بۆ ئەوەی سەرنەگرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ ڕۆژێک تێنەپەڕیوە نەتانیاهۆ ڕێوشوێنی توندی نەگرتبێتەبەر بۆ تێکدانی ڕێککەوتنەکان و خستنە مەترسی ژیانی بارمتەکان.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو بە ئاکسیۆسی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو کابینەی ئەمنی ئەو نەخشانەی پەسەند کرد کە جێگیرکردنی سوپای ئیسرائیل لەم ڕێڕەوەدا دیاری دەکەن، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەگەری ئاڵوگۆڕی دیلەکان، ڕوونیکردەوە ئەو نەخشانەی کە سوپای ئیسرائیل کێشراون پەسەندکراون بە زۆرینەی دەنگی هەشت وەزیر.
یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری وڵاتەکەی دەنگی بەدژی پەسەندکردنی ئەو نەخشانە دا، هاوکات ئیتمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی، خۆی لە دەنگدان بەدوور گرت.