کەسوکاری بێسەروشوێنکراوانی عێراق داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەندامانی خێزانەکانیان دەکەن

K24 – بەغدا:
دایکی یەکێک لە بێسەروشوێنان دەڵێت؛ نۆ ساڵە پیاو و کوڕەکەمیان بردووە، ئێمەیان جەرگ سووتاو و بەدبەخت کردووە، هەروەها داکێکی دیکە دەڵێت، سووپای عێراق وەکوو ژەهری ڕەش ڕژایە سەرمان و هەموو ڕۆڵەکانیان بردین.
کەسوکاری بێسەروشوێنکراوانی عێراق خۆپیشاندانیان کرد و داوای دۆزینەوە و ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەندامانی خێزانەکانیان کرد، هاوکات داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن ئاوڕێکی جیدییان لێ بداتەوە.
کەسوکاری یەکێک لە بێسەروشوێنبووان، بە کوردستان24ـیان ڕاگەیاند، "من پیاو و کوڕەکەشم بێسەروشوێنن، دەردەسەریمان بەسەر هاتووە و داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین چارەنووسی ڕۆڵەکانمان ئاشکرا بکات و پێمان بڵێت چییان بەسەر هێناون، لەبەر خاتری خودا ئاوڕێکمان لێ بدەنەوە، تاوانی منداڵانی بێ باوک لە ئەستۆی ئێوەیە، ئێوە ئەوانتان بێ دایباب کردووە".
کەسوکاری بێسەروشوێنبووێکی دیکە، گوتی: "لە ساڵی 2016 هەردوو کوڕەکەمیان لە سەقڵاوییە بێسەروشوێنکرد، ئەوە نۆ ساڵ زیاترە بیاردوویانن، پێش ئەوەی سووپا بێت ، داعش ناوچەی ئێمەی داگیرکرد و نەیهێشت دەرچین، خودا ماڵی داعش وێران بکات، سووپای عێراق وەکوو ژەهری ڕەش رژایە سەرمان، هەموو ڕۆڵەکانیان بردین، تا ئێستەیش نازانین چارەنووسیان چییە، مەگەر ئێمەش عێراقی نین؟ سوێند بە خوا زۆر چاک دەزانن کێ وای بەسەر هێناوین، داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین بە هانامانەوە بێت، بۆ کوێ بچین؟ ژنا و منداڵیان بێچارە کردووە، ویژانیان چۆن شتێکی وەها قبووڵ دەکات، سوێند بە خودا ئێمەتان ڕسووا کرد".