چاودێرانی ئابووری: زیارەتکاران بوونەتە بارێکی گران بەسەر حکوومەتی عێراقەوە

دیمەنێکی زیارەتکاران لە کەربەلا - ئەرشیف
دیمەنێکی زیارەتکاران لە کەربەلا - ئەرشیف

ڕێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حسێن بەشداری ملیۆنان زیارەتکاری ناوخۆ و دەرەی عێراق کۆتایی هات، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە ئەم کۆبوونەوە ملیۆنییە بکاتە هەلێکی وەبەرهێنان و سەرچاوەیەکی داهات، بە پێچەوانەشەوە ڕێوڕەسمەکە بووەتە خەرجییەکی گەرورە لەسەر حکوومەت، چونکە زیارەتکارەکان هەموو خزمەتگوزارییەکانیان بێبەرانبەر پێشکەشکراوە.

پسپۆڕانی ئابووریش دەڵێن؛ تەنیا لەعێراق خواردن و خواردنەوە و تەنانەت گواستنەوەش بێ بەرانبەرە، ئەمەش هەڵەیەکی کوشندەیە و پێویستە زیارەتکاران، هەر هیچ نەبێ بڕە پارەیەکی کەمیان لێوەربگیرێت و پارەکە لە خزمەتکردنی خودی زیاترەکاران خەرج بکرێتەوە.

بە گوێرەی عەتەبەی حسێنی کە ساڵانە سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی ڕێوەڕەسمەکانی یادی چلەی ئیمام حسێن دەکات ڕایگەیاندووە، بۆ ئەم ساڵ 21 ملیۆن و 480 هەزار و 525 زیارەتکاری ناوخۆ و دەرەوە بۆ بەشداری ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حسێن سەردانی پارێزگای کەربەلایان کردووە.

ئەم ڕێوڕەسمە تەنیا سرووتێکی ئاینی نییە، بەڵو دەکرێت هەلێکی گەورەی ئابووری بێت کە ببێتە هۆی ژیانەوەی بازاڕە ناوخۆییەکانی عێراق و بیانگەیەنێتە لوتکەی گەشە، هەروەها سەرمایەیەکی گەورەی دارایی بهێنێتە کەرتی تایبەت و گشتییەوە.

کەریم ئەبو غەنیم کە خاوەن هۆتێلە دەڵێ "ڕێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حسێن، یاخود بۆنە کولتووری و وەرزشییەکان تەنیا لە عێراق بەبێ بەرانبەرن، ئەمەش هەڵەیەکی کوشندەیە، پێویستە زیاترەکاران پارەیەکی کەمیان لێوەربگیرێت و پارەکەش هەر لە خزمەتکردنەوەی زیاترەکاران خەرج بکرێتەوە.

کەریم حەلو شارەزا لە زانستی ئابووری دەڵێ "ئەوەی سوود وەردەگرێت خاوەنی هۆتێلەکان و ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەن، بەڵام بۆ ئەوەی لە وەرزەکانی داهاتوودا زیارەتکاری زیاتر بێن، پێویستە حکوومەتی عێراق دەوروبەری ڕێگەکان بە سەوزایی دابچێنێت و سیمایەکی جوانتر بە شوێنە ئاینییەکان بدات.

لەم ڕوانگەیەوە چاودێران ئاماژەی بۆ ئەوەدەکەن، گرنگە وەبەرهێنان لە وەرزی ڕێوڕەسمە ئاینییەکان و بەتایبەتی ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حسێن بکرێت کە ژمارەیەکی زۆر زیارەتکار ڕوو لەعێراق دەکەن.

بەبڕوای بەشێکی زۆر لە کەسانی ئەکادیمی و خەڵكی ئاسایی، شوێنە پیرۆزەکان هەلێکە بۆ ڕاکێشانی گەشتاری ئاینی هەم بۆ شوێنە پیرۆزەکان و هەم شوێنەوارە دێرینەکان. لەگەڵ ئەوەی زیارەتکاران دان بەوەدا دەنێن کە کولتوور و بەهاکانی عێراق کاریگەرییان هەبووە لەسە ڕاکێشانی خەڵکی زیاتر و بوژانەوەی هۆتێل و بازاڕە ناوخۆییەکان.

گەشتیارێکی لوبنانی دەڵێ "من لە باشووری لوبنانەوە هاتووم، خواردن و خواردنەوەم بێبەرانبەرە. چوومە مەزاری ئیمام حسێن، ئیمام عەباس و ئیمام عەلی. خەڵکی عێراق زۆر باشن و ناوچەکە ئارامە، پشووماندا و هەموو خزمەتگوزارییەک و شتێک بێبەرانبەر بوو.

گەشتیارێکی دیکەی ئاینی دەڵێ "ئێمە وەکو کۆمەڵێ گەنجی لوبنانی جاری یەکەمە دێینە عێراق، بەڕاستی بەمامەڵەکردنی خەڵکی عێراق و پێشوازیان لە گەشتیاران سەرسام بووین. ڕێگەیان نەدا پێویستمان بەهیچ شتێک ببێت. چوینە کەربەلا و نەجەف تەنانەت یەک لیرەشم خەرج نەکرد".

سەربارەی ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا عێراق ڕێوڕەسمی ملیۆنی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام حکوومەتی ئێستا و حکوومەتەکانی ڕابردووش نەیانتوانیوە بەپێی پێویست وەبەرهێنان لەم هەلانە بکەن و بیکەنە سەرچاوەیەکی بەهێز بۆ ئابووری عێراق وەک سەرچاوەیەکی داهاتی بەردەوام لەجێگەی نەوت. ئەوەی هەیە تەنیا داهاتی نەوتە، داهاتەکانی دیکە لەنێوان خراپ ئیدارەدان و گەندەڵیدا بەفیڕۆچوون.

Fly Erbil Advertisment