ئەڵمانیا.. لەنێو پاسێکدا شەش کەس بەرچەقۆ دران

لە شاری زیگنی ڕۆژئاوای ئەڵمانیا لەنێو پاسێکدا شەش کەس بەر چەقۆ دراون و تەندروسی سێ لە بریندارەکان ناجێگرە و پۆلیسی شارەکەش ڕایگەیاندووە، ئافرەتێکیان بە تۆمەتی چەقۆ وەشاندنەکە دەستگیر کردووە، لە هەفتەیەکدا ئەمە دووەمین ڕووداوی چەقۆ وەشاندنە لە ئەڵمانی تۆمار دەکرێت.
پۆلیسی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، هەینی، 30ی ئاب، لەنێو پاسێکدا لە ناو سەنتەری شاری زیگن لە ڕۆژئاوای ئەڵمانیا شەش کەس بەرچەقۆ دراون و سێ کەسیان برینەکانیان قورسە و لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکدان، لەسەر ڕووداوەکەش ئافرەتێکی تەمەن 32 ساڵانیان بە تۆمەتی چەقۆ وەشاندنەکە دەستگیرکردووە، بەڵام گومان دەکرێت ئافرەتەکە نەخۆشی دەروونیی هەبێت.
بە گوتەی پۆلیسی ئەڵمانیا، 40 کەس لەنێو پاسەکەدا بوون و بەرەو فێستیڤاڵی 800 ساڵەی دروستبوونی شاری زیگن دەچوون، بەڵام لە ڕێگەدا چەقۆ وەشێنەکە پەلاماری خەڵکەکەی داوە و شەش کەسی بریندار کردووە.
پۆلیس ئاماژەشی داوە، ئەو ئافرەتەی بە تۆمەتی هێرشەکە دەستگیر کراوە بەڕەچەڵەک ئەڵمانییە و هیچ هۆیەک ئاشکرا نەبووە کە هانیدا بێت بۆ ئەو کردەیە. بەڵام ڕۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی بڵاوی کردووەتەوە، ئەو ئافرەتەکەی وەک تۆمەتبار دەستگیرکراوە نەخۆشی دەروونیی هەیە.
لە هەفتەیەکدا ئەمە دووەمین ڕووداوەی چەقۆ وەشاندنە لە ئەڵمانیا، یەکەمیان لە 24ی ئەم مانگە لە فێستیڤاڵی 650 ساڵەی دامەزراندنی شاری سۆلینگن بوو، لاوێکی تەمەن 26 ساڵەی بەڕەچەلەک سووریی بە چەقۆ بە نێو خەڵکی ئاهەنگێڕانەکە کەوت و سێ کەسی کوشت و پێنج کەسی دیکەشی بریندار کرد، دوای هێرشەکەش ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆیی لە هێرشەکە ڕاگەیاند.