ههولێر بووهته ناوهندێكی گرنگی ئابووری و بازرگانی
K24 – هەولێر:
لە 3 دەیەی ڕابردوودا هەولێر بەشێوازێک بە ڕووی پێشکەوتن و نوێکاری و پتەوکردنی ئابووریدا کراوەتەوە، ئێستە بووەتە ناوچەیەکی گرنگی پێشکەوتوو. لە بواری ئابوورییەوە خاوەن ژێرخانێکی پتەوە، ڕۆژ لە دوای رۆژ پێشکەوتنەکان و فراوانبوونی پەرە دەسێنێت.
بە هەر کۆڵان و شەقامێک و شوێنیکی گشتی لە هەولێر گوزەر بکەیت، گۆڕانکاڕی زۆر و پێشکەوتن دەبینیت. بە شێوەیەک کە بووەتە سەنتەرێکی گەورە و پێشکەوتوو بۆ بازرگانی و ئابوورییەکی بەهێز، ئێستە سەرمایەداران و بازرگانانی بییانیش ڕوویان لە شارەکە کردووە.
کامەران محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بازرگانانی بیانی سەرسامن بە پێشکەوتنەکانی هەولێر، زیاتر لە هەزار و 200 کۆمپانیای بیانی لە شارەکە کار دەکەن.
لە 3 دەیەی رابردوودا پێشکەوتن و ئاوەدانی باوەشیان بە هەولێردا کرد، لە ماوەیەکی کەمدا توانرا ژێرخانێکی گرنگی ئاوەدانی لە تەواوی سێکتەرەکاندا دروست بکرێت، ساڵ لە دوای ساڵیش ڕووبەری شارەکە لە چوارچێوەی ماستەرپلان و نەخشەی سەردەمی فراوان ببێت.
لای خۆیەوە عەلی ڕەشید خۆشناو، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، گوتی: ساڵی 1996 کە هاتینەوە هەولێر، هاتینەوە سەر هەولێرێکی وێران و گوندێکی گەورە، تەنانەت شەقامی 100 مەتری بەشێکی بچووکی لێ هەبوو، لە ڕێگەی شەقڵاوە تاکو ڕێگەی کەرکووک، هەولێر شەقامی 100 مەتری کرا، 60 مەتریش کۆمەڵێک ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی بۆ کرا، شەقامی 100 مەتری کۆمەڵێک ئوڤەرپاس و ئەندەرپاسی تێدا کرا، هەروەها شەقامی 120 مەتری و شەقامی 150 مەتری کە نێوەندییان بووەتە شوێنی نیشتەجێبوون و قوتابخانە و نەخۆشخانە و سەوزایی و خزمەتگوزارییەکانی دیکە.
گوتیشی: سەربازگەی هەولێر لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو کە بەر لە 1996 کرابووە مۆڵگەی خەڵک کوشتن و تاڵانکردن و ڕووتاندنەوەی خەڵکی، ئێستا پارکی سامی عەبدولڕەحمانمان لێ دروستکردووە.