وادەی گەڕانەوەی مێسی دیاریکرا

لیۆنێل مێسی
لیۆنێل مێسی

لیۆنێل مێسی ئەستێرەی یەکەمی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا و یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکا، ماوەیەکی زۆرە بەهۆی پێکان لە یاریگاکان دابڕاوە، هاندەرانی یانەکەشی بە پەرۆشن بۆ گەڕانەوەی ئەو یاریزانە، دواجاریش تاتا مارتینۆ وادەی گەڕانەوەی ئاشکرا کرد.

لیۆ لە یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکای 2024 بەرامبەر کۆلۆمبیا، تووشی پێکانێکی قورس بوو و لەو کاتەوە، بەشداری هیچ یارییەکی یانەکەی لە خولی ئەمریکا نەکردووە. تاتا مارتینۆ راهێنەری یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکا، دوای بردنەوەی یانەکەی بەرامبەر شیکاگۆ، وادەی تەواوەتی گەڕانەوەی ئەستێرەی یانەکەی ئاشكرا کرد.

راهێنەرە ئارجێنتیناییەکەی ئینتەر مەیامی، دوای یارییەکەی بەرامبەر شیکاگۆ گووتی '' مێسی بارودۆخی باشە و ماوەیەکە دەستی بە راهێنانەکانی کردووەتەوە، ئێمە بەو هیوایە بووین بەشداری یارییەکەی بەرامبەر شیکاگۆ بکات، بەڵام دواتر بڕیارماندا پەلە لە گەڕانەوەی نەکەین، دواجار لەگەڵ ستافی راهێنەرەکانمان گەیشتینە ئەو ئەنجامەی، باشتروایە ماوەیەکی دیکە راهێنان بکات و پاشان بگەڕێتەوە، بۆیە لیۆ نزیکەی دوو هەفتەی دیکە دەگەڕێتەوە ''.

بەم شێوەیە لیۆنێل مێسی خاوەنی هەشت خەڵاتی باڵۆن دۆر، بۆ یارییەکەی بەرامبەر فێلادێلفیا لە رۆژی 14ـی سێبتێمبەر واتە نزیکەی دوو هەفتەی دیکە، دەگەڕێتەوە یاریگاکان و سەرکردایەتی یانەکەی دەکات.