فوئاد حوسێن: کێشەی مووچەی مانگی حەوت چارە کراوە و لەو چەند ڕۆژەدا دەنێردرێت

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 – هەولێر:

وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: کێشەی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارە کراوە و لەم چەند ڕۆژەدا دەنێردرێت، هاوکات لە هەوڵ داین کێشەی مووچەی مانگی هەشتیش چارە بکەین و بۆ ئەوەی بەم نزیکانە بنێردرێت.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی زۆر ئەرێنییان هەبوو، کۆبوونەوەکە دەربارەی بودجە و مووچە بوون، هاوکات باس لە کێشەکان و چارەسەرییەکانیش کران.

وەزیری دەرەوەی عێراق، دەڵێت: بڕیاردرا هەموو پەرلەمانتارە کوردەکان پێکەوە کار بکەن لەبارەی چارەکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها وەزیرە کوردەکانیش ڕۆڵی خۆیان ببینین لە چارەکردنی کێشەکان.

لەبارەی مووچەی مانگی حەوت، فوئاد حوسێن، گوتی: کێشەی مووچەی مانگی حەوت چارە کراوە و لەم چەند ڕۆژەدا دەنێردرێت.

هاوکات گوتیشی: بۆ کێشەی مووچەی مانگی 8 لە هەوڵداین بۆ ئەوەی چارەی بکەین تا بەم نزیکانە بنێردرێت.