بەرنامەی باسی ڕۆژ پرسی بەشدارییکردنی لایەنە سیاسییەکان لە حکوومەت تاوتوێ دەکات

K24 – هەولێر:

سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، شرۆڤەکارێکی سیاسی و ئەکادیمیستێک لەمیانی بەشدارییان لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24ـدا کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی کرد، بیر و ڕای جیاوازیان هەبوو لەسەر پرسی بەشدارییکردن و کشانەوەی لایەنەکان لە حکوومەت و هەروەها مۆدێلی حکوومڕانی لە هەرێمی کوردستان. هاوکات هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە جگە لە پارتی هیچ لایەنێکی دیکە لە حکوومەت ئامادە نییە شان بداتە بەر بەرپرسیارەتی.

لە دەستپێکدا ئاراس خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، ڕایگەیاند: بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان هێشتە لە پرسی بەشداریکردن لە حکوومڕانی تێنەگەیشتوون، بۆیە لە دەستکەوتەکان خۆیان لە حکوومەت بە پشکدار دەزانن و لە قەیرانەکان خۆیان لە حکوومەت بێبەری دەکەن.

سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، ئاماژەی بەوە دا، کاتێک کە نزیک دەبینەوە لە هەڵبژاردن لە ڕێگەی کشانەوە لە حکوومەت و خۆ بێبەرێکردن لە حکوومەت بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان هەست و سۆزی خەڵک بۆخۆیان ڕادەکێشن.

ناوبراو دەڵێت: پارتی سەرباری زۆرینەی دەنگەکان، لە ساڵانی ڕابردووش هەمیشە هەوڵی داوە هەموو لایەنەکان لە حکوومڕانی بەشداری پێ بکات و پۆستەکان دابەشی سەر هەمووان بکات.

هاوکات لەبارەی پارتییەوە، گوتی: پڕۆژەی پارتی پڕۆژەیەکی نیشتمانییە، هەروەها پارتی لەپێناوی حکوومڕانییەکی باش قوربانی زۆری داوە.

جەختی لەوەش کردەوە، بەشێک لە ئەجێندا و کارنامەی حکوومەت جێبەجێ نەکراوە، هەروەها بەشێک لە لایەنەکان مۆدێلێکی نوێی سیاسی پەیڕەو دەکەن و تەنیا موزایەدە دەکەن لەپێناو کۆکردنەوەی دەنگ.

لەلایەکی دیکەوە ئاسۆ عەبدولـلەتیف، شرۆڤەکاری سیاسی، دەڵێت: ئەم مۆدێلە حکوومڕانییەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە کولتوورەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1992، بە درێژایی ئەو کابینانەی کە لە هەرێمی کوردستان پێک هاتوون هیچ حکوومەتێکی بنکەفراوانمان نەبووە، بە پێچەوانەی میوانەکان بیر دەکەمەوە.

باسی لەوە کرد، وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی ڕۆڵیان لە شێوازی حکوومڕانی هەرێمی کوردستان هەیە. هاوکات گوتی: حزبە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی ئەوانەی موزایەدە دەکەن و پاشەکشە دەکەن لە کابینەی حکوومڕانی لە هەرێمی کوردستان پەیوەندی بەوەوە هەیە بۆ مەبەستێک هاتوونەتە ناو حکوومەت و بۆ خزمەتکردن نەهاتوونە.

ناوبراو گوتیشی: هەندێک حزب تەنیا بۆ بەدەستهێنانی پلە و پۆست هاتوونەتە ناو حکوومەت.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە ڕوونی کردەوە، تا ئێستە پاشەکشەی تەکنیکی و سیاسی و خاوەن گوتار نەبووە لە هەرێمی کوردستان. دەشڵێت: لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان گوێمان لە ژاوە ژاوە دەبێت، بەهۆی ئەوەی هەندێک حزب خەڵکیان وا ڕاهێناوە ئەگەر ئەوان لە حکوومەت بن خزمەتگوزاری دەبێت، ئەگەر لە حکوومەت نەبن خزمەتگوزاری نابێت.

باسی لە ئۆپۆزسیۆن کرد لە هەرێمی کوردستان و گوتی: "تا ئیستە هیچ حزبێکی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستاندا لەدایک نەبووە، هەروەها هیچ پرۆژەیەکی نیشتیمانیمان نییە لە هەرێمی کوردستان."

لەبارەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاسۆ عەبدولـلەتیف، پێی وایە، ئەو کابینەیە، حکوومەتی بنکە فراوان نەبوو، بەڵکو حکوومەتی دڵڕازیکردنی کۆمەڵێک هێز و لایەنی سیاسی بوو. هاوکات هیوادارە لە کابینەی دەیەم حکوومەت بە بەرمەبنای زۆرینە و کەمینە پێک بهێندرێت.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، بەشێک لە وەزیرەکانی حکوومەتی هەرێم وەزیری گەشتکردن بوون و وەزیری جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەت نەبوون.

لای خۆیەوە چواس حەسەن، ئەکادیمیست و ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان، گوتی: لە قۆناغی ئێستەدا درک بەوە کراوە کە دەبێت حکوومەتی بنکە فراوان پێک بهێندرێت و قبوڵ بکرێت سەرباری دەرئەنجامە نەرێنییەکانی.

باسی لەوە کرد، لە دوای خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان مۆدێلێکی نوێی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پەیدا بووە، ئەویش هەندێک لایەن لە حکوومڕانی بەشدار بن بە تامی ئۆپۆزسیۆن، کە ئەمەش جێگەی داخە.

جەختی لەوە کردەوە، بەشێک لە لایەنەکان حکوومەتی بنکەفراوانیان قبووڵ نییە، هەروەها کشانەوەی هەندێک لایەن لە حکوومەت، نیشانەی هەڵاتن و خۆدزینەوەیانە لە بەرپرسیارەتی.

لەبارەی پارتییەوە چواس حەسەن، دەڵێت: بەلای پارتی دیموکراتی کوردستان گرنگە کۆدەنگییەکی نیشتمانی هەبێت، پارتی گرنگە بۆ ئەم قەوارە و ئەزموونە.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاكێشا، تاوەکەو ئێستە ئەوەی دەبینرێت لایەنە سیاسییەکان شان نادەنە بەر بەرپرسیارەتی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها بەرپرسیارەتی شکستەکان هەڵناگرن.