ئێران بڕی هەناردەی بۆ ماوەی پێنج مانگی ڕابردوو ئاشکرا کرد
بەرپرسێکی ئێرانی ئاشکرای کرد کە بەهای هەناردەکردنی کاڵای نانەوتیی ئێران لەماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا بەڕێژەی %10 گەشەی کردووە و گەیشتووەتە 21 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار.
محەمەد ڕەزوانی فەر، یاریدەدەری وەزیری ئابووری و سەرۆکی گومرگی ئێران لە بەیاننامەیەکدا گوتی: قەبارەی هەناردەکردنی کاڵای نانەوتی لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە 60.5 ملیۆن تۆن کە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو 7% زیادی کردووە.
ڕەزوانی فەر، ئاماژەی بەوەش دا، کە کۆی هەناردەکردنی ئێران بە نەوتی خاو، دیزل، خزمەتگوزاری تەکنیکی ئەندازیاری و هەناردەکردن لە ڕێگەی گەشتیارانەوە لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە 41 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.
یاریدەدەری وەزیری ئابووری دەشڵیت: هەناردەی ئێران بۆ چین، عێراق، ئیمارات، تورکیا، ئەفغانستان، پاکستان و هیندستان بووە، کە ئەم حەوت وڵاتە 82%ـی بەهای کۆی هەناردەکردنی ئەو وڵاتە پێک دەهێنن.