گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا: پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا بە هاووڵاتیان زیاد دەبێت

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتیان زیاد دەبێت.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێداونێکیدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەهۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا و هەوڵەکانی وەزارەت پێدانی کارەبا بە هاووڵاتیان زیاد دەبێت.
گوتیشی: لە مانگی ئاب تێکڕای پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا بە هاووڵاتیان 11 کاتژمێر و نیو بووە، بەڵام ئێستە 12 بۆ 13 کاتژمێر کارەبا بە هاووڵاتیان دەدرێت، هەروەها لە ناوەڕاستی ئەم مانگەش زیاتر دەبێت.
لەبارەی بەرهەمهێنانی بڕی کارەبا لە وێستگەکانی هەرێمی کورستان، گوتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا گوتی: لە ئێستا بڕی بەرهەم هێنانی کارەبا لە نێوان 3500 تا 3700 مێگاواتە.
ڕۆژی سێشەممە، 13ـی ئابی 2024، کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەم کابینەیەوە وەزارەتی کارەبا، ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران خودی خۆی، زۆر چاویان لەسەر وەزارەتی کارەبا بووە، بەدەنگ وەزارەتی کارەباوە هاتوون، هەوڵیان داوە وا لە وەزارەتی کارەبا بکەن ڕۆژانە 24 کاتژمێر کارەبا بدات بە هاووڵاتییان، بەڵام تاکو ئیستا تەواوی قۆناغەکانمان نەبڕیوە تاکوو ڕۆژانە 24 کاتژمێر کارەبا بدەین.