غەززە؛ نزیکەی 100 نەخۆشخانە و ناوەندی تەندروستی لە کار کەوتوون.

وێنە غەززە
وێنە غەززە

بەپێی دوایین ئاماری تەندروستی غەززە، بەهۆی شەڕەوە 34 نەخۆشخانە و 66 سەنتەری تەندروستی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی کەوتوون.

بەرپرسانی تەندروستی غەززە باس لەوە دەکەن؛ ئیسرائیل بەمەبەست هێرش دەکاتە سەر ناوەندەکانی تەندروستیی، ئەمەش وایکردووە کەرتی تەندروستیی بە تەواوی پەکی بکەوێت، بریندارەکان لەسەر زەوی خوێنیان لێ دەچۆڕێت تا دەمرن.

هێرشکردنە سەر دامەزراوە تەندروستیی و نەخۆشخانەکان بەشێکە لە ستراتیژی ئیسرائیل لە شەڕی دژی غەززە، ناوەندەکانی چاودێریی و نەخۆشخانەکان لەناو ئامانجی سەرەکی هێرشەکانی ئیسرائیلدان.

کەسوکاری نەخۆشێک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، گەر ئەم نەخۆشخانەیە لەکارکردن بوەستێت براکەم دەمرێت، نەک تەنها براکەم بەڵکو دەیان نەخۆشی دیکەش دەمرن.

ترس هەیە هەموو نەخۆشخانەکان لەخزمەتکردن بوەستن و هاوار و ناڵەی بریندارانی ‌غەززە بەرز ببێتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ دەرمانێک هەبێت ئازارەکەیان لەسەر سووک بکات، چونکە سیستەمی تەندروستیی غەززە بەخێرای دادەڕمێت. هەروەها نەخۆشخانەکانی غەززە لەخزمەت دەوەستن و بەهۆی شەڕەوە کاریان پێ ناکرێت.

پزیشک دەڵێت: بەهۆی شکانی بوتڵەکانی تایبەت بە ئۆکسجین ناچارین بەهەناسەدانی دەستکرد هاوکاریی نەخۆشەکان بکەین. هۆکاری تێکچوونی سیستەمەکەمان کەمی سووتەمەنییە.

پەرستاریک گوتی: هەواڵی ناخۆش و شۆکهێنەرمان پێ دەگات، ئەگەر هەیە لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا سیستەمی هەناسەدان لەم ڕێڕەوە بوەستێت و ژیانی تازە لەدایکبووەکان بخاتە مەترسییەوە.

ئەوەی کە دۆخەکەی هێندەی دیکە قورستر کردووە ئاماری تەندروستیی غەززەیە کە باس لەوە دەکات 34 نەخۆشخانە و 66 ناوەندی تەندروستیی بەهۆی شەڕەوە لە خزمەتکردن وەستاون، ئەوە جگە لە تێکشکاندی دەیان ئۆتۆمبیلی گواستنەوەی برینداران و کوژرانی هەزاران پەرستار، پزیشک و کارمەندی تەندروستیی.

شۆفێری یەکێک لە ئەمبوڵانسەکان ڕایگەیاند، لە سەرەتا هێرشەکانی ئیسرائیلەوە ژمارەیەکی زۆر کارمەندمان لەدەست داوە، دەیان ئەمبوڵانس تێکشکاون. دەیان شۆفێرمان لەدەست داوە کە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بریندارەکانیان دەگواستەوە.

دۆخی تەندروستیی غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی کارەساتبار و شۆکهێنەر، چونکە دەرمان و کەرەستەی پێویستی نییە، کارمەند کەمە، بەهۆی گەمارۆکانی ئیسرائیلیشەوە سوتەمەنی ناگاتە نەخۆشخانەکان.

لە غەززە نەخۆشەکان لەسەر زەوی ڕادەکشێن و تا مردن خوێنیان لێ دەچۆڕێت، ئەوەی لە جیهانی دەبیستن تەنها سەرکۆنەکردنە، سەرکۆنەکردنیش بۆ ئەو کوشتارە بەس نییە، چونکە سەرکۆنە ئازارەکان ساڕێژ ناکات و بریندارەکان ناگەڕێنێتەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان.