فوئاد حوسێن: ئەمەریکیەکان داگیرکەر نین
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ شەڕی داعش بابەتی کۆتاییهێنان بە ئەرکی ئەو هاوپەیمانێتییەی لە عێراق تاوتوێ کرد، لە هەمان کاتیشدا وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، ئەمەریکیەکان داگیرکەر نین.
هێرشەکەی ئەم دواییەی هێزەکانی ئەمەریکا و عێراق بۆ سەر سەرکردە باڵاکانی داعش لە پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق، دووپاتکردنەوەی بەردەوامیی هاوکاریی نێوان هەردوولا بوو بە مەبەستی لەناوبردنی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە.
ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، لەو ئۆپەراسیۆنەدا حەوت سەربازی بریندار بوون و 15 چەکداری داعشیش کوژراون، لەم چوارچێوەیەدا سوودانی جەختی لەوە کردەوە، کە چیتر داعش مەترسی بۆ سەر عێراق دروست ناکات.
نووسینگەی سوودانی ڕایگەیاند "لە کۆبوونەوەی نێوان سوودانی و فەرماندەی نێردەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش لە عێراق جەنەراڵ کێڤن لیهی و باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، بەرەوپێشچوونی دیالۆگی تەکنیکی نێوان هەردوولا بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و گۆڕینی ئەرکەکە بۆ چوارچێوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانێتییەکە و بەردەوامی هاوکاری لە بواری مەشق و شارەزایی و زانیاری لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا تاوتوێ کراوە".
هەروەها وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: بوونی ئەمەریکا لە عێراق داگیرکاری نییە. ئێمە کار دەکەین بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە تارمایی شەڕ، حکوومەتی عێراق بە دوو ئاراستەی دەرەکی و ناوخۆیی دەڕوات بۆ وەستاندنی گرژییەکان.
وەزیری دەرەوە گوتیشی: بابەتی شەڕ و ئاشتی لە دەستی حکوومەت و پەرلەماندایە وەک ئەوەی لە دەستووردا هاتووە، حکوومەت سەرقاڵە بە چارەکردنی کێشەکانی وڵات".
فوئاد حوسێن باسی لەوەش کرد "سنووری هاوسۆزیی لەگەڵ فەڵەستین کراوەیە بەڵام ناگاتە بەرزکردنەوەی چەک و ئێمە هێشتا بەدەست ئاسەوارەکانی جەنگەوە گیرۆدەین، فەڵەستینییەکان بە وێرانکردنمان ڕازی نابن".