فیستیڤاڵی ساڵانەی سوڵتان موزەفەرەدین گۆگبۆرو لە هەولێر دەستی پێکرد و تا کۆتایی مانگ بەردەوام دەبێت
ساڵانە بۆ یادی لەدایک بوونی پێغەمبەری ئیسلام (محمد) دروودی خوای لەسەر بێت، هەولێر کەرنەڤاڵی تایبەت بەڕێوەدەبات هەر لەو کاتەوەی لەسەردەمی سوڵتان موزەفەرەدین گۆگبۆرو یەکەمجار ئەو یادە کراوەتەوە، ئەمساڵ یادکرنەوەکە بە فیستیڤاڵێک دەستپێدەکات و تا کۆتایی مانگی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.
سێشەممە 3ـی ئەیلوولی 2024، پارێزگای هەولێر بڵاوی کردەوە، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی شاری هەولێر، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا بەبۆنەی هاتنەوەی مانگی ( ربیع الأول ) یادی لەدایکبوونی فەخری کائینات حەزرەتی ( محمد ) دروودی خوای گەورەی لەسەر بێت، سەنتەری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی سوڵتان موزەفەرەدین، بە خوێندنەوەی مەولوود، دەستی بەکارەکانی فیستڤاڵی ساڵانەی سوڵتان موزەفەرەدین گۆگبۆرو کرد.
وەک پارێزگای هەولێر ڕایگەیاندووە، فیستڤاڵەکە تاکو کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و تێیدا چالاکیی ڕۆشنبیری و ئاینی و مێژوویی تایبەت بەو بۆنەیە پێشکەش دەکرێت.