سەنتەری میترۆ: هەڵكوتانە سەر ناوەندی چاودێر كاریگەری لەسەر ناوبانگی پایتەختی ڕۆشنبیری دەبێت
سەنتەری میترۆ: شۆکهێنەرە داخستنی دەزگایەكی ڕۆشنبیری مەدەنی بەزەبری هێزی سەربازی ببێتە هەواڵ و مانشێتی سەرەكی كۆتایی هەفتە

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان و ئازادی ڕادەربڕین لە ڕاگەیەندراوێكدا بە ناونیشانی " هزر و ڕۆشنبیری ئۆفیس نین تا دابخرێن"، بە توندی ئیدانەی هەڵكوتانە سەر ئۆفیسی سەرەكی تۆڕی ناوەندی چاودێر لە شاری سلێمانی دەكات و ڕایدەگەیەنێت، ئەم كردارە كاریگەری لەسەر ناوبانگی پایتەختی رۆشنبیری دەبێت و هەنگاوێكی چەوتی یەكلاكردنەوەی جیاوازییەکانە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی متیرۆدا هاتووە "شەوی ڕابردوو هێزێكی ئەمنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، دەستی گرت بەسەر ئۆفیسی سەرەكی تۆڕی ناوەندی چاودێر كە ڕادیۆی مەدەنییەت، بنكە و سایتی گەلاوێژ، سایتی چاودێر، سایتی ڕوانگەو ڕەخنە، پلاتفۆرمی دابڕان، پڕۆژەی پەیكەرسازی چاودێر، گەلەری چاودێر، لە خۆ دەگرێت".
میترۆ ڕایدەگەیەنێت "لە دەرەوەی جیاوازیی هزری و حزبی و سیاسییەكاندایە، بەڵام بە ئەركی خۆمانی دەزانین دژ بە هەموو هەوڵێكی دەم كوتكردن و داخستن و كۆتاییهێنان بە دەزگا مەدەنی و میدیایی و ڕۆشبیریی بوەستینەوە، چونكە وەك پرەنسیپ بڕوامان بە مافی جیاوازبوون و سەروەری یاسا و دوورخستنەوەی هێزە لە ململانێ سیاسی و حزبی".
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی سەنتەری میترۆ هاتووە "هەڵكوتانە سەر ئۆفیسی سەرەكی تۆڕی ناوەندی چاودێر لە شاری سلێمانی بە توندی ئیدانە دەكەین، كە كەسایەتی دیاری ڕۆشنگەری و سیاسی مەلا بەختیار سەرپەرشتییان دەكات، ئەم كردارەش كاریگەری لەسەر ناوبانگی پایتەختی ڕۆشنبیری دەبێت و هەنگاوێكی چەوتی یەكلاكردنەوەی جیاوازیشە".
ڕشیگەیاندووە، ئەم هەڵوێستەی میترۆ بەرگریكردنە لەو ڕۆڵە گرنگەی چالاكی فیكری و فەرهەنگی ئەو دەزگایە دەیگێڕن، كە سروشتی چالاكی حزبی تێپەڕاندووە، بوونەتە دیاردەیەكی فەرهەنگی و فیكریی دیاری هەرێمی كوردستان هەر بۆیە خۆمان بەداكۆكیكاری مافی ئازادی ڕادەربڕین و فرەیی دەزانین، ئەمەش یەكێكە لە سیما كولتوریی و مێژووییەکانی شاری سلێمانی كە ناوێكی پرشنگداری كوردستانە، بەڵام شۆكهێنەرە پایتەختی ڕۆشنبیری بكەوێتە دۆخێك كە داخستنی دەزگایەكی ڕۆشنبیری مەدەنی بەزەبری هێزی سەربازی حزبێكی ئەندام لە Socialist International، ببێتە هەواڵ و مانشێتی سەرەكی كۆتایی هەفتە.
کاتژمێر 5ـی ئێوارەی پێنجشهممه، 5ـی ئهیلوولی 2024، هێزێکی کۆماندۆ ههڵیانكوتایه سەر بارەگای سیاسەتمەدار و ڕۆشنگەر مەلا بەختیار و دەزگای ڕۆشنگەریی چاودێر و بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ لە گردی ئەندازیاران له سلێمانی و دەستیان بەسەر تەواوی کەلوپەلی دەزگاکەدا گرت.