خەلیل غازی: کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاری ئابووریی عێراق بۆ چارەکردنی کێشە داراییەکانە
K24 – هەولێر:
ئەندامێکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: هەر نزیکبوونەوەك لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ هەبێت رێگەخۆشکەرە بۆ چارەکردنی کێشەکان.
خەلیل غازی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، گوتی: دەستپێشخەریی فوئاد حوسێن، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق کارێكی ئەرێنییە بۆ دروستبوونی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەولێر و بەغدا و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان.
هاوکات دەڵێت: هەر نزیکبوونەوەك لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ هەبێت رێگەخۆشکەرە بۆ چارەکردنی کێشە داراییەکانە.
ئەمڕۆ هەینی 6ـی ئەیلوولی 2024 ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری عێراق بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆ بووەوە و بڕیاریشە سبەی ئەنجوومەنەکە لە شاری هەولێر لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئەندامانی کابینەکەی کۆ بێتەوە.
وا بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی سبەینێدا تیشک بخرێتە سەر پرسە هاوبەشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەپێناو نەهێشتنی کێشە داراییەکان.
چوارشەممە 4ـی ئەیلوولی 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ لە بارەی ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی تایبەتیی ئەنجوومەنی ئابووریی وەزاریی فیدراڵ كرا کە لە هەولێر بهڕێوه دهچێت و تایبەت دهبێت بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان وەزارەتەکانی هەردوولا.