شەقامە ناوخۆیەکانی گەڕەکی جوندیان 2 لە قەزای ناوەندی سۆران قیرتاوکران

گەڕەکی جوندیان2 لە سۆران
گەڕەکی جوندیان2 لە سۆران

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایدەگەیەنێت" پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بەر لە هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش بەردەوام دەبن.

شەممە 7ـی ئەیلوولی 2024، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڵاوی کردەوە، لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گرنگیدان بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، قۆناغی دووەمی دروستکردنی شەقامە ناوخۆییەکانی گەڕەکی جوندیان 2، بە گوژمەی (1,512,392,650) ملیار دینار لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردەوامە، دەشڵێت: ئەمڕۆ دەست بە قیرتاوکردنی شەقامە ناوخۆییەکانی گەڕەکی جوندیان 2 کراوە، پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای مێرگەسۆر جێبەجێ دەکرێت.

یەکشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2024، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا بەردی بناغەی جووت ساید حاجی ئۆمەران دادەنرێت و دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ئەو سەرپەرشتە دەڵێ: پڕۆژەی ڕیسایکلین لە چەند هەفتەیەکی داهاتوو بەردی بناغەکەی لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە دادەنرێت و لە ماوەیەکی کورتدا دەچێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.

سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەشڵێت: هەردوو پرۆژەی پارکی نیشتمانی و پارکی ناو شاران، ماوەیەک بەر لە ئێستە بەردی بناغەیان لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە بۆ دانرا. پرۆژەی نیشتمانی کە نزیکەی 300 دۆنمی بۆ تەرخان کرابوو و پێشتر دیزاینی کرابوو، دووبارە سەرلە نوێ دیزاین کرایەوە، ئێستە ڕووبەرەکەی زیاتر لە 420 دۆنمە؛ ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە دەروازەی ئەو پرۆژە دەکەوێتە ناو بازاڕ، هاووڵاتییان دەتوانن لەدەرگای ناو بازاڕی سۆرانەوە بێنە ناو پارکەکە تا دەگاتە خوار هۆڵی بۆنەکانی سۆران.